دلۆڤان رەحیم – ههولێر
بە بەشداری زیاتر لە 150 وڵات، 20 سەرۆک و زیاتر لە 250 وەزیر لە وڵاتانی جیهان و ناوچەکە، ڕۆژی 13ـی ئەم مانگە، لووتکەی حکوومەتەکانی جیهان بۆ 2023 بە دروشمی ” دروستکردنی حکوومەتەکان لە جیهاندا” دەست پێدەکات . مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش یەکێک دەبێت لە بەشدارانی ئەو لووتکەیە و ڕۆژی یەکەم گفتوگۆیەک دەکات لەبارەی خێراترکردنی کاریگەریی حکوومەت لە ئەدا و کاردا .
لەو لووتکەیەدا زیاتر لە 10 هەزار بەرپرس و سەرکردە و شارەزایان و بڕیار بەدەستان لە جیهاندا لە زیاتر لە 220 دانیشتن و پانێلدا باس لە ستراتیجیی و حکوومەتی باشتر بۆ مرۆڤایەتی و هاوئاهەنگیی نێوان حکوومەتەکان تاوتوێ دەکەن .
لە لووتکەی ئەمساڵی حکوومەتەکان، قسەکەرەکان باس لە ئەزموونی حوکمڕانی و ئایندەی هاوئاهەنگی نێوان حکوومەتەکان و داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتان و خەڵکەکەی، هەروەها ژمارەیەک بابەتی گرنگی وەکو ئاستەنگەکانی بەردەم پەرەپێدانی بەردەوام، ژینگە و گۆڕانی کەش و هەوا، سیاسەتی دارایی لە جیهاندا، ئایندەی ئابووری جیهان ، ئایندەی تەندروستی جیهان تاوتوێ دەکەن. ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیمارات بڵاوی کردووەتەوە ” مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشدارێکی لووتکەکە دەبێت، گفتوگۆ دەکات لەبارەی گرنگی زانیاری و چۆن پێدانی زانیاری بووەتە فاکتەرێکی گرنگی پرۆسەی بڕیاردان و ڕوونیی لە حوکمڕانیدا” .
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کابینەکەیدا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ، یەکێک لەو پرسانەی لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی حکوومەت جەختی لێ کردووەتەوە ڕوونی زانیارییەکانە بۆ خەڵک بەتایبەت لەو پرسانەی پەیوەستن بە خزمەتگوزاری بۆ خەڵک لە هەرێمی کوردستان .
لەو گفتوگۆیەشدا لە لووتکەی حکوومەتەکان، سەرۆک وەزیران جەخت لە بوونی حکومەتێکی کارا و چالاک بۆ خەڵک دەکاتەوە، لەکاتێکدا لە جیهانیشدا یەکێک لە پرسە هەرە سەرەکییەکان ڕوونی زانیارییە بۆ خەڵك .
هەر لەو لووتکەیەدا کە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان چاوی بە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان دەکەوێت و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە دەکات؛ ئەو کۆبوونەوانە، بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ حکوومەتی وڵاتان، بەتایبەت کە لەو لووتکەیەشدا یەکێک لەو پرسانەی باس دەکرێت چۆن ڕۆتین و ئاستەنگی بەردەم هاوئاهەنگیی نێوان حکوومەتەکان هەڵبگیرێت.
هاوکات لە لووتکەکەدا ژمارەیەک سەرۆک وەزیرانی دیکەی وڵاتانی ناوچەکە بەشدار دەبن، بڕیاریشە خەڵاتی 7 حکوومەتی چالاکی جیهان بکرێت، لەگەڵ کەرتی تایبەت و داهێنەران و چالاکڤانانی بواری مرۆیی .