ڕائیب جادر – هەولێر
جەمیل بایک، ھاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، لە پەیامێکدا داوای لە ھەموو ھێزەکانی کرد، لەبەر بوومەلەرزەکە سەرجەم چالاکییە سەبازییەکانیان ڕابگرن. بەرپرسێکی باڵای خۆرئاوای کوردستانیش دەڵێ: پەکەکە لە خاکی تورکیا جگە لە دژایەتیی کورد ھیچ چالاکییەکی نەبووە تا ئێستەڕایان بگرێت، چالاکییەکانی ئەوان ھەموو لە دژی کوردە لە خۆرئاوای کوردستان.
نوری بریمۆ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا، گوتی: ئەوەی جەمیل بایک دەیڵێت نەک پڕوپاگەندەیە، بەڵکو چەواشەکارییە. ئەو کە باس لەوە دەکات لەبەر بوومەلەرزەکە لە تورکیا چالاکییەکانی خۆیان ڕادەگرن، ئەوان لە تورکیا، ھیچ چالاکییەکیان نەبووە تا ئێستە ڕایبگرن. چالاکییەکانی ئەوان ھەموو لە دژی کوردە لە خۆرئاوای کوردستان.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتیی کوردستانی سووریا، گوتیشی: پێش پێنج ساڵ وەفدێکی پەرلەمانتارانی کوردستان چوونە عەفرین، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا پەکەکە ڕێگەی نەدا ئاڵای کوردستان بەرز بکرێتەوە؛ کەچی دوای پێنج ساڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک بارزانی لە عەفرین پێشوازیان لێکرا، بینیمان ئاڵای کوردستان لە ئاڵای سووریا زیاتر بوو، وێنەی سەرۆک بارزانی لە وێنەی سەرکردەکانی عەرەب زیاتر بوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت عەفرین شارێکی کوردستانییە، ئەگەر پەکەکە بۆی بچێتە سەر نەکڕێگە نادەن ئاڵای کوردستان بەرز بکرێتەوە، بەڵکوڕێگە نادەن گەلی کورد لە خۆرئاوا ئۆکسجینیش ھەڵمژن! کە ئێستە کوردی خۆرئاوا لەژێر دەستەڵاتی پەکەکەدا لە دۆخێکی خراپدا دەژین”.
جاودێرێکی سیاسیش، لەبارەی لێدوانەکەی بایکەوە، ئەوەی ڕاگەیاندووە؛ کە لەم کاتەشدا، کە هەموو دنیا لە هاوکاریی لێقەوماوانی ئەو کارەساتەن بەسەر خەڵکی باکور و ڕۆژئاوادا هاتووە، جەمیل بایک، واز لە چەواشەکاریی و پڕوپاگەندە ناهێنێت، کە دیارە مەبەست لەو لێدوانەی هەوڵدانە بۆئەوەی کارتە سووتاوەکانی پەکەکە لەژێر ناوی کوردایەتییدا بەکار بخاتەوە، کە زۆر ئەستەمە جارێکی دیکە پەکەکە توانای ئەوەی مابێت سۆزی کوردانی هیچ پارچەیەکی کوردستان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و بڕوایان پێ بکەنەوە.