حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی لە هاوکاری و هەماهەنگیدایە بۆ ئەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارە بکات و بە یەکەوە لە قازانجی ژیان و بژێویی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان هەنگاو بنێن، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش ئێوارەی شەممە ١١ی شوبات، جارێکی تر شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت.
ئەمە چەندەمین شاندی هەرێمی کوردستانە کە دەچێتە بەغدا و زۆربەی ئەو سەردانانەش ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، تا ڕادەیەکی باش هاوکار و هەماهەنگ بوون بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشەکان بنێن و لە چوارچێوەیەکی تۆکمە و دوور لە گرژی و ئاڵۆزی پەرە بە پێوەندییەکانیان بدەن و بەیەکەوە ببنە هۆی سەرخستنی بەرنامەی حکوومەت، کە هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە قەوارەکەی پێک دەهێنێت.
دوێنێ شەممە، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بڵاوی كردەوە لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارە بەرەو بەغدا بەڕێ دەكەون و ئامانجیانە گفتوگۆ و ڕێككەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن.
ئەو زیاتر ڕوونی کردەوە کە ئەم سەردانە لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێككەوتن لەبارەی یاسای نەوت و گاز و بودجە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و کۆمەڵێک بابەتی تر.
پێویستە بگوترێ بەشداریی هەرێمی کوردستان لە حكوومەتی عێراق لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی لایەنەكان لەسەر بەرنامەیەكی تێروتەسەل بووە بۆ داهاتووی پێوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و چارەكردنی سەرجەم كێشەكان. هەرچەندە سەرۆکی حکوومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا هاوئاهەنگی و پێوەندییەکی پتەوی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە بەڵام هەندێک لایەن هەن کە دەخوازن پەیوەندییەکان بە ئاقارێکی تردا بچن و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەرە بستێنن.
جگە لە بەشێک لە پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی، یەکێک لەو دامەزراوانەی لەم بوارەدا رۆڵێکی یەکجار زۆر نەرێنی هەبووە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە کە هەندێک بڕیاری دەرکردووە تەنانەت مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ڕاستەوخۆ دژایەتی مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردووە و لە جیاتی قسەی خێر و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ئاگری ناکۆکییەکانی بەگڕتر دەکات.
هەر لە ماوەی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدراڵی بە بڕیارێک ڕێی لە ناردنی چوار سەد ملیار دینار گرتووە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی بڕیاری ناردنی دابوو. دادگاکە، پێشتریش کۆمەڵێک بڕیاری لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە و بڕیارەکانیش بۆنی سیاسییان لێ دێت، بۆیە لە لایەن حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و یاساناسان و بەرپرسانی باڵای هەرێم ڕەت کراونەتەوە.
لە لایەکی ترەوە حکوومەتی عێراق خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجەیە بۆ ئەمساڵ و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت بە هەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا پەسندی بکات و ڕەوانەی پەرلەمانی بکات بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا پەسند بکرێت.
ساڵی ڕابردوو عێراق بە بێ یاسای بودجە بەڕێوە بردرا و ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی لەسەر بژێویی خەڵک و دواکەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هەبوو. ڕەنگە ئامانجێکی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێم، دیاریکردنی پرسی ماف و ئەرکەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی بودجە بێت.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییەش بکرێ کە پێشتریش سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای كردووە و لێكتێگەیشتن لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی بودجە و نەوت دروست بووە؛ ئێستە ڕێكاری تر هەیە بۆ چارەی تەواوەتی كێشەكان.
لە میانەی کۆڕبەندی داڤۆس کە مانگی ڕابردوو بەڕێوەچوو، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاشکاوی باسی لە رڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد و بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم دا و باسی لەوەش کرد کە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەنگاو بۆ چارەکردنی سەرجەم کێشەکان بنێن و ئەمەش ببووە جێی سەرنجی میدیاکانی جیهان.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی چاوی بڕیوەتە بەغدا و هەولێر بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوانیان چارە بکەن و بە یەکەوە بۆ بنبڕکردنی قەیرانەکان تیرۆر و چەندین قەیرانی تر هەنگاو بنێن.