روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی تانكه‌ره‌وه‌ به‌ قاچاخ ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (11ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌ڵامی ده‌نگۆیه‌كی دایه‌وه‌ گوایه‌، ” نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی تانكەرەوە بەقاچاغ ئەبرێتە دەرەوە و بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت” و ده‌ڵێت، “ئێمە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەتووندی ئەم بانگەوازە جەواشەكارییانە رەت دەكەینەوە و بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێكەوتنی نێوان عێراق و كوردستان هەژماری دەكەین.”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، “هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەما و راستییەكی تێدا نییە، لەكاتێكدایە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن، ئەم بانگەوازە جەواشەکارییانە تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو  هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان.”

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان:

لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند كەسێك لەدەزگا میدیا عێراقییەكانەوە بانگەوازی ئەوە دەكەن گوایە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی تانكەرەوە بەقاچاغ ئەبرێتە دەرەوەو بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت. ئێمە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەتووندی ئەم بانگەوازە جەواشەكارییانە رەت دەكەینەوەو بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێكەوتنی نێوان عێراق و كوردستان هەژماری دەكەین. هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەما و راستییەكی تێدا نییە ، لەكاتێكدایە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن ، ئەم بانگەوازە جەواشەکارییانە تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو  هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان. وەزارەتی سامانی سروشتییەکان دووپاتی دەکاتەوە کە نەوتی هەرێم بە تەواوی لە رێگای بۆری و لە ژێر وردبینی کۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردەی دەکات و هەموو کاتێک ڕێز لە دەستووریی  عێراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت.