163 ئامێری هه‌ڵدانه‌وه‌ی داروپه‌ردوو لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەکرێت

له‌سه‌ر راسپارده‌ی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، كۆمپانیای كاڤین گرووپ 163 شۆفڵ و گه‌ڵابە و ئامێری هه‌ڵدانه‌وه‌ی داروپه‌ردوو رووخاوه‌كان ره‌وانه‌ی توركیا و سووریا ده‌كات.

كانیوار نێروه‌یی، ئه‌ندازیاری سه‌رپه‌رشتیار له‌و كۆمپانیایه‌ش ده‌ڵێت: به‌گوێره‌ی رووبه‌ری زیانپێگه‌یشتوو، به‌ڕێژه‌ی 70%ی ئه‌و ئامێرانه‌ به‌سه‌ر شاره‌كانی توركیادا دابه‌شده‌كرێن و 30%ی ئامێره‌كانیش ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ سووریا.

ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بەوەشدا، وێڕای ئه‌و ئامێرانه‌ش، بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی بومه‌له‌رزه‌كه‌، تیمێكی 50 كه‌سی راهێنراو و بڕێكی زۆری هاوكاری لۆجستی له‌گه‌ڵ ئه‌و كاروانه‌ ره‌وانه‌ی باكوور و رۆژئاوای كوردستان ده‌كرێن.

لەلایەکی دیکەوە، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، راپۆرتی دووه‌می تایبه‌ت به‌ كۆمه‌كی زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، 14 بارهه‌ڵگری دیكه‌ی كۆمه‌ك و پیتاكی پزیشكی و پێداویستی لۆجستی و گه‌رمكه‌ره‌وه‌ و خواردن، ئاماده‌كراوون بۆ دابه‌شكردن به‌سه‌ر لێقه‌وماواندا.

رۆژی دووشەممە (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك  بە گوڕی 7.4 به‌ پلەی رێختەر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی توركیا و سووریای هەژاند.

بوومه‌له‌رزه‌كه‌ لە باشووری کوردستان و وڵاتانی سووریا، میسر، یونان، ئێران و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ هه‌ستیپێكرا.

به‌ گوێره‌ی ئاماری نوێی لایه‌نه‌ فەرمییەکانی توركیا و سووریا تا ئێستا له‌ هه‌ردوو وڵاتدا زیاتر له‌ 20 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و به‌ هه‌زارانی دیكه‌ بریندار بوونه‌، وێڕای داڕمانی هه‌زاران باڵه‌خانه‌ و شوێنی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیان