نێچیرڤان بارزانی یادی 53 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد پیرۆز ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد كرد به‌بۆنه‌ی یادی 53 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌كه‌یان.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌ پیرۆزباییه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند “يادى په‌نجا و سێ ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتيى نووسه‌رانى كورد، به‌ گه‌رمى له‌ مەڵبەندی گشتی و ته‌واوى نووسەران و ئەدیبانی کوردستان پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم”.

ڕاشیگه‌یاند “له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆوه‌ له‌ خه‌بات و كۆششى زياتر له‌ نيو سه‌ده‌ى يه‌كێتيى نووسه‌رانى كورد ده‌ڕوانين، خزمه‌تى ديار و به‌رچاويان به‌ وێژه‌ و زمان و كولتوورى كوردى و هه‌ڵوێستى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانييان له‌ سه‌رده‌مى پێشمه‌رگايه‌تى و تێكۆشانى گه‌لى كوردستاندا بۆ ئازادى، به‌رز ده‌نرخێنين”.

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند “له‌ كاتێكدا ئه‌م ياده‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌، جه‌خت له گرنگيى ئاماده‌يى و ڕۆڵى كاريگه‌رى نووسه‌ران ده‌كه‌ينه‌وه‌ له‌ بره‌ودان به‌ گيانى نيشتمانپه‌روه‌رى و چه‌مك و به‌ها مرۆييه‌كان، بنياتنانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى پێشكه‌وتوو، پێشخستنى زمان و وێژه‌، پاراستنى ناسنامه‌ و كولتوورى كوردى و قووڵكردنه‌وه‌ى يه‌كتر قبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى”.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا “سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى نووسه‌رانى شه‌هيد كه‌ له‌پێناوى ئازاديى گه‌ل و وڵاته‌كه‌ياندا گيانيان به‌خشى، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نيان به‌ نووسين و داهێنان و خزمه‌تى زمان و وێژه‌ى كوردى به‌خشى، ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر و سڵاو له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزيان”.

له‌ كۆتاییدا جه‌ختیی كرده‌وه‌ كه‌ چاومان له‌ به‌رهه‌م و به‌رده‌وامى و داهێنانى زياترى نووسه‌رانى كورد و كوردستانه و وه‌ك هه‌ميشه‌ هه‌موو پشگيرييه‌كى ئێمه‌يان ده‌بێت.