دەست بەدابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکرێت

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی لە بەغدا کڕی، لە ئێستادا دەست بە هەناردەکردنی نەوتەکە کراوە و رۆژی شەممە لە دەوروبەری هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت، چونکە لە کۆیە دابەشکردنی نەوت تەواو دەبێت.
ئاری کاکەشین بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر رایگەیاند: “ئەو نەوتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدای کڕیوە، گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و بەردەوام بۆمان دێت، کە لە کۆیە تەواو دەبین و ئەو نەوتەی لە عێراق هاتووە، بەردەوام دێت، بۆیە رۆژی شەممە لە دەوروبەری هەولێر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و سەرەتاش لە بەستۆرە دەست پێدەکرێت”.
کاکەشین گوتیشی: “هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی پێدەدرێت و نرخەکەشی 105 هەزار دینارە، کە چەند زیاتر نەوتمان پێ بگات، خێراتر دابەش دەکرێت، چونکە ئێستا رۆژانە چوار تەنکەرمان لە بەغداوە بۆ دێت و ئەوەی بێت دابەش دەکرێت”.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: “چەند زیاتر نەوتمان بە دەست بگات، دەتوانین زووتر لە هەموو ناوچەکان دابەشی بکەین، بۆیە لەسەر بڕی ئەو نەوتە دەمێنێت کە بەغدا رۆژانە بۆ ئێمەی رەوانە دەکات، بەڵام ئەوەی گەیشتووە رۆژی شەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت لە دەوروبەری هەولێر، چونکە رۆژی شەممە دابەشکردنی نەوت لە کۆیە کۆتایی دێت، کە حکوومەتی هەرێم دابینی کردبوو و دەست بە دابەشکردنی ئەو نەوتە دەکەین کە حکوومەتی هەرێم لە بەغدای کڕیوە”.
دەشڵێ: “ئەو نەوتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدای کڕیوە، زیاتر لەسەر ئێمە دەوەسێت بەو نرخەی دەدرێتە هاووڵاتی، بەڵام حکوومەت ئەو نرخەی دیاری کردووە و بەو نرخە دەدرێتە هاووڵاتیان”.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو هەرێم بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی لە بەغدا کڕیوە، کە نەوتەکە دەست بە هەناردەکردنی بۆ هەرێم کراوە و رۆژی شەممەش دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.