وەزیری ئاوەدانکردنەوە: حەفتەی داھاتوو وۆرکشۆپێک دەربارەی بوومەلەرزە بەڕێوە دەچێت

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، تا ئێستا باڵەخانەکانی ھەرێم بۆ ٧ پلەی ڕێختەری بوومەلەرزە دروست کراون و پێداچوونەوە بەو پێوەرانەدا دەکەین و حەفتەی داھاتوو وۆرکشۆپێک بەڕێوە دەچێت.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ”ئەو بنەمایانەی بۆ دیزاینکردنی پڕۆژەکان دیاری کراون تا ئێستا بۆ ئەو زۆنانەی بوومەلەرزە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق جیا کراونەتەوە پشت بە ٦ تا ٧ پلەی ڕێختەر دروست کراون، واتا باڵەخانەکان لەسەر شێوازێک دیزاین کراون بەرگەی تا حەوت پلە بگرن لە کاتی بوومەلەرزەدا.”

وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت: “پڕۆژەیەکمان لەبەردەستە و بڕیارە حەفتەی داھاتوو وۆرکشۆپێک بەڕێوە بچێت و لەبارەی ئەو پرسەوە ھەڵسەنگاندێک بکەین کە ئایا پێویستە ئەو فاکتەرانە زیاد بکەین، گۆڕانکاری بە شێوەیەک لە پلێتەکان ڕووی داوە کە ئایا لە داھاتوودا زیان بە ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێ.”

دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “وۆرکشۆپەکە لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت کە پڕۆژەکان لەسەری دیزاین کراون، ئەگەر ھەر پڕۆژەیەک لەسەر ئەو پێوەرانەی پێشتر دیاری کراون دیزاینی بۆ کرابێت بەرگەی حەوت پلەی بوومەلەرزە دەگرێت.”