تیمەكانی هەرێمی كوردستان لە هاوكاریكردن و رزگاركردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە بەردەوامن

دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی کە وڵاتانی تورکیا و سووریای گرتەوە و بووە هۆی ڕووخانی سەدان باڵەخانە و هەزاران قوربانیشی لێکەوتەوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزانی هەرێمی کوردستان، سێ تیمی فریاگوزاری رەوانەی تورکیا کران.
 
تیمەکان، پێکهاتبوون لە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و دەزگای خێرخوازی بارزانی، کە هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری پێشکەشی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەکەن.
 
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێگەی فەرمی حكومەتی راگەیاند: “سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد، كە هاوكارییە پزیشكیی، مرۆیی و سەرەتاییەكان بگات بە لێقەوماوان و قوربانییانی ئەو بوومەلەرزەیە، هەر لەدوای راسپاردەكە، لەچەند كاتژمێرێكی كەمدا تیمەكان توانیان بە ژمارەیەكی زۆر لە پزیشكانی پسپۆڕ و گشتی و كارمەندانی تەندروستی و ئەمبۆڵانسەكان، هاوكات بڕێكی زۆر لە دەرمان و پێداویستی پزیشكی و ئەو بابەتانەی بۆ حاڵەتی لەناكاو بەكاردێت و سوودی دەبێت، بگەیەندرێتە وڵاتی توركیا”.
 
ئەو تیمەی وەزارەتی ناوخۆ، کە پێکهاتوون لە کەسانی بە ئەزموون و شارەزا، لە رزگارکردنی گیرخواردووانی بوومەلەرزەکە بەرشدارن و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن.
 
لەمبارەیەوە د.هێمن میرانی، بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەكرد، كە “لەدوای راسپاردەی سەرۆكی حكومەت، لەسەرئاستی چوار بەڕێوەبەرایەتی لە وەزراەتی ناوخۆ تیمەكانمان رەوانە كراون، ئەوانیش؛ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، كە تیمی بەهاناوە چوونن؛ پەیمانگەی بەرگریی شارستانی، بەڕێوەبەرایەتیی شارستانیی هەولێر و دهۆك؛ كە خەڵكی راهێنراو و شارەزایان لەبواری گەڕان و دۆزینەوە و رزگاركردن و فریاگوزاری هەیە، ئەو تیمانە هاوشان لەگەڵ تیمی وەزارەتی تەندروستی و دەزگای خێرخوازی بارزانی و دامەزراوەكانی دیكەی خێرخوازی گەیشتە توركیا”.

هەروەها لەبارەی پەیامی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناردن و بەهاناوەچوونی قوربانییانی ئەم بوومەلەرزەیە، میرانی گوتی: “ئەمە پەیامێكی مرۆییە و ئەو رووداوەی لەوێ روویداوە پێویست وابوو حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدنگ لێقەوماوانەوە بچێت”.
 
دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە پرۆسەی پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری بەشدارن، خۆراک و خێمە بەسەر زیانلێکەوتووان دابەشدەکەن، رۆڵیکی گەورەشیان لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە هەیە.  
 
لەبارەی راسپاردنیان لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی و ناردنی هاوكارییەكانیان لەو چوارچێوەیەدا، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی: “لەدوای راسپاردەكە، تیم و كارمەندمان رۆشتوونەتە ناوچە زیانلێكەوتووكان و لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆری خۆبەخش، كە ئێستا لیستێكی تۆماركردنمان بۆ داناوە و لە هەریەكێك لەو شوێنانە تیمێكی تایبەت لەو كەسە خۆبەخشنانە وەردەگیرێت، كە هاوكاردەبن لەگەڵ تیمەكەی خێرخوازی بارزانی”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، كە “بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ تیمەكانمان تا زووبەزوو ئاڵوگۆڕیان تێدا بكرێت بەپێی ئەو پسپۆڕییەی لەوشوێنانە پێویستە و دەكرێت لە خزمەتكردنی ئەو خەڵكەدا ئێمە ئاڵوگۆڕیان تێدا بكەین بۆ خزمەتكردنی باشتر و خێراتر”.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی خۆی دەزانێت هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری پێشکەشی زیانلێکەوتووانی ڕووداو و کارەساتە سرووشتییەکانی وڵاتانی دراوسێ بکات… لە رۆژانی داهاتوودا هەنگاوەکانی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان زیاتر دەبێت و ناوچەکانی سووریاش دەگرێتەوە.
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٩ـی شوباتی