له‌ سه‌رجه‌م مزگه‌وته‌كانی كوردستان نوێژی مردوو بۆ قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌ ئه‌نجام ده‌درێت

بڕیاره‌ دووسبه‌ی هه‌ینی له‌ دوای نوێژی به‌كۆمه‌ڵی هه‌ینی له‌ سه‌رجه‌م مزگه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نوێژی مردوو به‌شێوه‌ی غائیبی بۆ قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا ئه‌نجام بدرێت.

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: وه‌ك ئه‌ركێكی ئایینی و مرۆیی بڕیاردرا له‌ سه‌رجه‌م مزگه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نوێژی مردوو بۆ قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا ئه‌نجام بدرێت.

ڕاشیگه‌یاند: نوێژه‌كه‌ هه‌ر له‌نێو مزگه‌وته‌كان ڕاسته‌وخۆ دوای نوێژی به‌كۆمه‌ڵی هه‌ینی به‌شێوه‌ی غائیبی ئه‌نجام ده‌درێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ هه‌ر له‌ رۆژی هه‌ینی داهاتوودا دوعای خێر بۆ بریندارانیش ده‌كرێت.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌می ڕابردوو بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز به‌ گوڕی 7.8 پله‌ی ڕێخته‌ر له‌ ناوه‌ندی شاری مه‌ڕه‌ش و 10 پارێزگای توركیا و چه‌ند پارێزگایه‌كی باكوری سووریا ڕوویان دا و بووه‌ هۆی دروستبوونی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش تا ئێستا گیانله‌ده‌ستدانی نزیكه‌ی 12 هه‌زار كه‌س یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌.