سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پۆلیسی هەولێر دوو تۆمەتباری دەستگیر کرد کە هەڕەشەیان لە ئافرەتان کردووە

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/2/2023، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پۆلیسی هەولێر دوو تۆمەتباری دەستگیر کردووە کە هەڕەشەیان لە ئافرەتان کردووە.

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتیشی: ”دوای سکاڵای ئافرەتێک بەوەی کە دوو تۆمەتبار هەڕەشەیان لێ کردووە، دەست کرا بە لێکۆڵینەوە و لە بۆسەیەکدا هەردوو تۆمەتبار دەستگیر کران و لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەو دوو تۆمەتبارە خەڵکی هەولێرن و لە کاتی دەستگیرکرانیان کۆمەڵێک کەلوپەلی پەیوەندیی وەک مۆبایل و نزیکەی شەش ملیۆن دینار و دوو چەک و زیاتر لە بیست مۆبایل و سەدان کارتی مۆبایل و سیمکارتی کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی پەیوەندییان لێ گیراوە.”

هۆگر عەزیز گوتیشی: ”لە مۆبایلی ئەو تۆمەتبارانەدا وێنەی چەندین ئافرەت هەبوو کە هەڕەشەیان لێ کردوون، بۆیە ئێستا ئاڕاستەی بەردەم دادوەر کراون و لێکۆڵینەوەش بەرەوامە.”

گوتەبێژی پۆلیس داوایشی لە هەموو ئەو ئافرەتانە کرد کە هەڕەشەیان لێ کراوە و تاوانباران دەناسنەوە بچنە بنکەکانی پۆلیس و سکاڵا تۆمار بکەن.