دلۆڤان رەحیم – ههولێر
بڕیارە رۆژی سێشەممە، شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە فوئاد حوسەین، کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانیشە، بچێتە ئەمریکا، بابەتی سەرەکی گفتوگۆکان لەبارەی بەهای دینار و دۆلار دەبێت بەڵام چاوەڕێ دەکرێت فوئاد حوسێن پرسی پەیوەندیی بەغدا و هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ بکات، بەتایبەت کە ئەمریکا جەخت لە چارەی پرسەکان بە گوێرەی دەستووری عێراق دەکاتەوە .
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جێنیڤەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، لە قسەکانیدا بۆ پۆدکاستی نوێنەرایەتیی حکوومەت بە ناوی ” کوردستان لە ئەمریکا” باسی چەندین پرسی کرد، قسەکانی گاڤیتۆ تەنیا چەند ڕۆژێک پێش سەردانەکەی شاندی عێراق بوو بۆ واشنتن، ئەو بەرپرسەی ئەمریکا بەشێک لە بابەتەکانی کۆبوونەوەکانی باس کرد لەگەڵ شاندی عێراق. ئەو گوتی: ئێمە شانازی دەکەین بۆ پەیوەندی لەمێژینە و پتەومان لەگەڵ خەڵکی کوردستان ، پەیوەندیمان بنەماکەی قوربانیدان و هاوبەشییە لە شەڕی دژی داعش و پێش ئەو قۆناغەش، بۆیە لەو باوەڕەداین پەیوەندیمان زۆر بەهێزە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی هاوبەش کۆمان دەکاتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێو کۆنگرێسدا پشتیوانیی هەردوو لایەنە سەرەکییەکەی هەیە، جگە لەوەش خەڵکی ئەمریکاش شانازی بە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن .
بەرپرسەکەی ئەمریکا گوتی لە ڕابردوودا، بە دروستی لە سێ دەیەی ڕابردوودا پەیوەندی و هاوبەشییمان لەگەل هەرێمی کوردستان بنەمایەکی بەهێزە بۆ ڕاگرتنید هاوسەنگی لە ناوچەکەا، بەتایبەت لە هاوئاهەنگی بۆ |ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، گەشەپێدانی ئابووری، پەیوەندیی فەرهەنگی و مافی مرۆڤ .
قسەکانی گاڤیتۆ لەبارەی کورد، قسەیەکی بایدن بە بیر دێنێتەوە کە ئاماژەی ڕوونی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و هەولێرن. بایدن، پێشتر لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی سەرۆک بارزانی گوتبووی: مەسعود بارزانی هاوڕێیەکی باشی منە،هیواخوازم بتوانین کاری باشتر بکەین بۆ کورد.
هەرچەندە چاوەڕێ دەکرێت لەسەردانی شاندەکەی عێراق بۆ ئەمریکا، ڕێککەوتنی ستراتیجی 2008 تاوتوێ بکرێت ،بەڵام لەدوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق، چاوەڕێ دەکرێت یەکەم پرسیاری شاندەکەی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندی هەولێر و بەغدا و بنەمای دەوڵەتی فیدراڵی بێت، کە بە قسەی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو بنەمایە زۆر جار پشتگوێ دەخرێت و کار بە یاسا و دەستوورەکەیشی ناکرێت. گاڤیتۆ دەڵێ لە 2021 دا عێراق و ئەمریکا جەختیان لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە کردەوە بە تایبەت لە پرسە ئابووری و ئەمنییەکاندا .
ئەمریکا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا جەختی لە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق کردووەتەوە، لە نێویشیدا پەیوەندییەکی باشی هەرێمی کوردستان و بەغدا ، ئێستاش یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران هەمان گوتاری هەیە دەڵێ :”هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە نێو عێراقێکی یەکگرتوودا .”
گرنگترین و نزیکترین پرس لە نێوان هەولێر و بەغدا لەو قۆناغەدا، شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پشکی بودجەیە، هەردوو حکومەت نزیکن لە رێککەوتن ، بەڵام هەندێک بڕیار لە بەغداوە کە سەرکردایەتی کوردستان دەڵێ بە سیاسی دراوە، ئاستەنگی بۆ ئەو پەیوەندییانە دروست کردووە، لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکیشدا دوو جار بەرپرسانی ئەمریکا داوای باشترکردن و چاککردنەوەی ئەو پەیوەندیانەیان دا، گاڤیتۆ دەڵێ لەوەتەی بڕیاری ١٥ـی شوباتی رابردوو لە دادگەی فیدراڵی، حکومەتی ئەمریکا بە دوو ئاراستە کاری کردووە لەسەر ئەو پرسە، هەم لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری وزە بۆ بەردەوامیان لە کارکردن لە هەرێمی کوردستان، هەم لە ئاستی باڵا لەگەل حکومەتی عێراق لەبارەی کاریگەری نەرێنی ئەو بڕیارە لەسەر پەیوەندییەکان .