سلێمان تاشان – ههولێر
لە بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممەوە بە دەیان بوومەلەرزە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریایان داوە و دوو لەو بوومەلەرزانەش لە هەرێمی کوردستان و لانی کەم شەش وڵاتی ناوچەکە هەستیان پێ کراوە. بەهۆی بوومەلەرزەکان سەرووی هەزار و پێنج سەد کەس مردوون و بە هەزارانی تر بریندار بوون.
بهپێی ناوهندی بوومهلهرزهزانی USGS ی ئەمەریکی، یەکەم بوومەلەرزە دوای سەعات ٤:١٧ خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بە ملیۆنان خەڵک لە دانیشتووانی سووریا و تورکیا و کوردستانی لەخەو ڕاچڵەکاند و بە سەدان باڵەخانە و خانوو و ژێرخانی ئاوەدانیش وێران بوون. بوومهلهرزهكهی بەرەبەیان به گوڕی ٧.٨ پله به پێوەری ڕیختهر بوو.
لە هەولێر بوومەلەرزەکە زیاتر نیشتەجێیانی باڵەخانە بەرزەکانی ترساند و لە هەندێک شوێنی هەولێر خەڵک تا کاتی هەڵاتنی خۆر لە دەرەوە مانەوە و شەقامەکانیش بەهۆی جووڵەی ئۆتۆمبێل قەرەباڵغ بوون.
لەدوای بوومەلەرزەی یەکەم کە گوڕەکەی وێرانکەر بوو، دەیان بوومەلەرزەی تر ڕوویان دا کە گوڕی لانی کەم حەوت حاڵەتیان لە سەرووی پێنج پلە بە پێوەری ڕیختەر و سێ حاڵەتیان لە سەرووی شەش پلە بوون و یەکێکی تر لە سەرووی حەوت پلە تۆمار کرا.
دووەم بەهێزترین بوومەلەرزە بە گوڕی ٧.٥ پلە، دوای زیاتر لە نۆ سەعات لە بوومەلەرزەی یەکەم ڕووی دا. بوومەلەرزەکە سەعات ١:٢٨ خولەکی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی تورکیا، لە نزیک هەمان شوێن ڕووی دا کە لە غازی عەنتابی باکوری کوردستان و ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا نزیکە. ئەم بوومەلەرزەیەش هاوشێوەی یەکەم بوومەلەرزە لە هەولێر و دهۆک و بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەستی پێ کرا.
بەپێی دواین ئامارەکان لە باکوری کوردستان و تورکیا تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، سەرووی هەزار کەس و لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریاش سەرووی ٥٠٠ کەس مردوون. بە گشتی، بە هەزاران کەس بریندار بوون و زیانێکی زۆر بەر ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و باڵەخانەکان گەیشتووە.
هەر لە دوای بوومەلەرزەکە، میدیاکانی جیهان بە گشتی ڕووماڵی ڕووداوە سروشتییەکەیان کرد و لە دوێنێ دووشەممەوە مژاری سەرەکی هەواڵی زۆربەی میدیاکانی جیهان بووە. قەبارەی کارەساتەکە ئەوەندە گەورەیە کە وڵاتانی جیاواز بەڵێنی هاوکاری و فریاگوزارییان دەربڕیوە و تیمە جیاوازەکان بەرەو شوێنی ڕووداوەکە بەڕێ کەوتوون تا یارمەتی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بدەن.
بە سەدان کەس لە ژێر دار و پەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکان لە تورکیا و سووریا و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان گیریان خواردووە و پێویستییان بە هاوکاری و یارمەتی هەیە.
کوردستان و تورکیا لەسەر هێڵی بوومەلەرزە هەڵکەوتوون و ساڵانە بە دەیان بوومەلەرزە ڕوو دەدەن کە گوڕی هەندێکیان وێرانکەرە.
کۆتایی مانگی ڕابردوو لە شاری ”خۆی”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بوومەلەرزەیەک ڕووی دا کە بەهۆیەوە لانی کەم سێ کەس مردن و بە سەدانی تر بریندار بوون و زیان بە هەزاران خانوو و باڵەخانە گەیشت. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧یش لە نزیک کرماشان بوومەلەرزەیەک ڕووی دا کە گوڕەکەی ٧.٣ پلە بوو و بەهۆیەوە سەدان کەس مردن و دەیان باڵەخانە وێران بوون و بوومەلەرزەکەی ئەوکاتیش لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکە هەستی پێ کرا.
هەر دوێنێ دەزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە ئامادەکاری کرد بۆ ئەوەی یارمەتی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بدەن؛ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دام و دەزگا جیاوازەکانی ڕاسپارد بە هانای لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان بچن. هاوکات دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هەمان مەبەست، دەستی بە چالاکییەکانی کرد و لە ئاستی جیهانیش یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا و فەرەنسا و دەیان وڵات دەستیان بە ئامادەکاری کرد بۆ ئەوەی یارمەتی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە بدەن.