ڕائیب جادر – هەولێر
ھەرێمی کوردستان داوا دەکات لیژنەی ماددەی ١٤٠ چالاک بکرێت. بەرپرسانی کوردیش دەڵێن: بەھۆی کارانەبوونی ئەو لیژنەیە، تەعریب و داگیرکردنی زەوی و زاری کوردەکان بەردەوامە و دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانەش تا دێت خراپتر دەبێت. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێ: عێراق پابەندی ماددەکانی دەستوور نابێت، بەتایبەتی ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.
کێشەی خاک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان لە ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە نیو سەدەیە خاڵی ناکۆکی نێوان کورد و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە، کورد سازشی لەسەر نەکردووە و لە پێناویدا چەندین ڕێگەی بۆ چارەکردن تاقیکردووەتەوە، بەڵام تائێستە پرسەکە بێ چارە ماوەتەوە.
لە کارنامەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پرسی ئاساییکردنەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە جێگیرکراوە، بڕیاریش بوو بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە بەشداربووەکانی حکوومەتی نوێی عێراق، لە ماوەی مانگێکدا لیژنەی ماددەی ١٤٠ کارا بکرێتەوە و دواتر دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ئەو ماددە دەستوورییە بکرێت، بەڵام دوای ١٠٠ ڕۆژ ھیچ ھەنگاوێک بۆ ئەم پرسە نەنراوە.
کێشە بنەڕەتیەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا زۆرن، تا ئیستە ھیچ کام لەو کێشانە بەپێی دەستوور چارەسەر نەکراوە، لەکاتیکدا دۆخی ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ ئاڵۆزە و داگیرکاری گوندە کوردستانیەکانیش بەردەوامە.
لە سەرەتای دروستبوونی ھەر کابینەیەکی حکوومەتی عێراق، کورد داوای جێبەجێکردنی دەستووری کردووە، ماددەی ١٤٠یش وەک پێشمەرجی بەشداریکردن لە کارنامەکانی حکوومەت جێگیرکراوە، بەڵام لە سەرجەم کابینەکانی ڕابردوودا ھیچیان خاوەن بەڵێنی خۆیان نەبوون. لەم کابینەیەشدا، ھەر چەندە لیژنەیەک بۆ کاراکردنەوەی ماددەی ١٤٠ پێکھێنراوە، بەڵام ئاستەنگی زۆری بۆ دروست کراوە.
پێویست بوو ماددەی ١٤٠ بە سێ قۆناغ جێبەجێ کرابایە، قۆناغی یەکەم خەڵکی ئەو ناوچانە قەرەبوو کرابانەوە و سەرژمێری کرابایە، پاشان ڕیفراندۆم لەو ناوچانە کرابایە، بەڵام تا ئێستە ھیچ کام لە قۆناغەکانی ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش ھاووڵاتیانی نیگەران کردووە.
خەڵکی ئەو ناوچانەش دەڵێن، لە کابینەکەی سوودانی ھیچ ھەنگاوێک لەبارەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان نەنراوە، ئەوەش وای کردووە تەعریب لە کەرکووک زیاتر ببێت و دۆخی ئەو ناوچانەش خراپتر بێت.
د. ناسر ھەرکی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، گوتی: لە ناوچە کوردستانییەکان ھەر جارە و بە بیانوویەک پەلاماری گوندەکانی کورد دەدرێت؛ ئێستە دەرفەتە بۆیان لەبەر نەبوونی دەستەڵاتی کوردی وەک نەتەوەی سەرەکی لەو ناوچانە. کورد زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکانە بەپێی ماددەی ١٤٠ کە یەکلا کراوەتەوە لە دەستوور، بەڵام ئێستە کەمینە حوکمی زۆرینە دەکات.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: ماددەی ١٤٠ کێشەیەکی سەرەکییە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق، ئەو کەسانەی دەستەڵات دەگرنە دەست، ڕەنگە ئەو دەستەڵاتەیان نەبێت بتوانن بڕیار لە بارەی ئەو ماددە و کێشەکانی دیکە بدەن، بۆیە جێبەجێ کردنی ماددەکە ڕەنگە کەمێک زەحمەت بێت، بەڵام ئەگەر ھەر کەس و لایەنێک بێتە سەر حوکم و بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقی بوێت، پێویستە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکات.
ھەرکی، گوتیشی: حکوومەتی عێراق بە ھەموو شێوەیەک پێشێلی دەستووری کردووە و نایەوێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا دەبوایە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە کاری ئەو لیژنەیە تەواو بووایە، بەڵام پێشێلکارییەکانی حکوومەت و پەرلەمان، وای کردووە عێراق بگاتە ئەو رەوشەی کە ئێستە تێیدایە.باشترین چارە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠، بەڵام عێراق پابەندی ماددەکانی دەستوور نابێت، بەتایبەتی ئەو ماددانەی کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.
د. ناسر ھەرکی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێ: پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد ھۆیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی عێراق ماددەکانی دەستوور پشتگوێ بخات، ئەگەر کورد یەک بایە دەیتوانی پێکەوە زەخت لە حکوومەتی عێراق بکەن و شتێکی باش بکەن بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە، بەڵام ئێستە حکوومەتی عێراق کورد بە لاوازی دەبینێت، بۆیە ئامادە نییە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکات.