ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی دوێنێوە پێنج هەزار کەسی تێ پەڕاند

به‌گوێره‌ی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان، تا ئێستا به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی دوێنێ دووشه‌ممه‌ی توركیا و باكووری كوردستان، سێ هه‌زار و 381 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (7ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاو (AFAD) له‌ توركیا رایگه‌یاند، تا ئێستا سێ هه‌زار و 381 هاووڵاتی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 20 هه‌زار و 426 هاووڵاتی دیكه‌ش بریندارن.

ئافاد روونیشیكرده‌وه‌، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ تا ئێستا پێنج هه‌زار و 775 باڵه‌خانه‌ له‌ توركیا و باكووری كوردستان رووخاون و زیاتر له‌ 11 هه‌زار باڵه‌خانه‌ی دیكه‌ش زیانیان پێگه‌یشتووه‌. 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی سووریا رایگه‌یاند، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌ی رۆری دووشه‌ممه‌وه‌، تا ئێستا نزیكه‌ی 1500 هاووڵاتی ئه‌و وڵاته‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و نزیكه‌ی 3600 هاووڵاتی دیكه‌ بریندارن.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلە لە باکووری کوردستان و تورکیا روویاندا و چه‌قی بوومەلەرزەکەش پارێزگای‌ مه‌ڕه‌ش-ی باکووری کوردستان بوو.