چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پێکهاتەکان لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەردن بە پاراستنی سیستمی کورسیی کۆتا و مافەکانیان

دوێنێ، کۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسیەکانی پێکهاتەی تورکمان و بەرپرسی هۆبەی سیاسی لە یۆنامی، پەیوەست بە هەمواریی یاسای هەڵبژاردن و پرسی کورسیی کۆتای پێکهاتەی تورکمان، بەڕێوەچوو، دوای گفتوگۆیەکی تێرو تەسەل و گۆڕینەوەی ڕاو و بۆچوونەکان و خستنەڕووی پێشنیارەکان گەیشتینە ئەم خاڵانەی خوارەوە؛

١- سیستەمی کورسیی کۆتا بە یاسا دەستەبەرکراوە بۆ پێکهاتەکان و مەبەستی سەرەکیش لە پێدان و دیاریکردنی کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکان، بۆ پاراستنی ماف و گوزارشتکردن لە ویستەکانیان و بەرگریکردن لە مافەکانی خۆیان بووە، بۆیە گرنگە کە سیستەمی کۆتا لە ئێستا وەک خۆی بمێنێت و لەم ڕووەوە پاشەکشە نەکرێت.
٢- وەک پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردین بە ڕێزگرتن لە ڕاو و بۆچوون و پاراستنی مافی پێکهاتەکان، لەم ڕووەوە پێکهاتەکان داوای هاوکاری و پشتیوانیی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین نەک بە پێچەوانەوە هەوڵ بۆ بچووککردنەوەی ڕۆڵی پێکهاتەکان لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان بدەن، هەروەها داوای زیاتر پشتگیریی لایەنە سیاسییەکان دەکەین بۆ زیادکردنی ڕێژەی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان.
٣- پێکهاتەی تورکمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا پشتگیریی سیستەمی یەک بازنەیی هەڵبژاردن دەکەن و بە هیچ شێوەیەک چوار بازنەیی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسیی کۆتاکان بەسەر ئەو بازنانەدا لە بەرژەوەندی پێکهاتەی تورکمان نییە و ڕەتی دەکەینەوە.
٤- پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان و کۆی حوکمڕانیی هەرێم، هەموو کات ڕۆڵێکی ئیجابی و بەرچاویان بینیووە، هەروەها هاوپەیمان و بەرنامەو کاری سیاسییان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان داڕشتوە.
٥- جەختمان کردەوە کە نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی سەرجەم هاوڵاتیانی پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
٦- پێکهاتەی تورکمان سیستەمی کۆتای بۆیە قەبووڵکردوە چونکە تا ئێستا لە عێراق مادەی ١٤٠ی دەستور لە ناوچە کێشە لەسەرەکان جێبەجێنەکراوە و نەتواندراوە سەرژمێریەکی گونجاو ئەنجام بدرێت و ڕێژەی حەقیقی هاوڵاتییانی پێکهاتەی تورکمان دیاری بکرێت.
٧- جەخت لە گرنگی و پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، کە تیایدا سەرجەم ماف و ئیمتیازاتەکانی پێکهاتەکان دەقنووس بکرێت و هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نەتوانێت لە جیاتی پێکهاتەکان بڕیار بدات و مافەکانمان پەراوێز بخات.
٨- پێکهاتەی تورکمان داوای پاڵپشتی و هاوکاری لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ڕێگەگرتن لە پێشێلکردنی مافی پێکهاتەی تورکمان و ڕێگە نەدرێت هیچ لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، دەستوەردان لە مافی پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان بکات.
٩- بەشداریکردنی حزب و لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەی تورکمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێت و بە فەرمی پێشتر ناوی تۆمارکرابێت و کۆنگرە و ڕێکارە حزبییەکانی خۆی بڕیبێت.