نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی بومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان دەکات.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ 6ـی شوباتی 2023، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر 10 شاری تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند، دواتریش 32 پاشلەرزە روویاندا.
بومەلەرزەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و سێ وڵاتی دیکەی ناوچەکە هەستی پێکراوە.
نێچیرڤان بارزانی لە تویتەکەیدا نووسویەتی: بیرکردنەوە و نزکانم لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە بەهۆی بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە ناوچەکەماندا زیانیان لێکەوتووەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکار و ئازیزانی قوربانییەکان کرد، هەروەها گوتیشی: هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.
بومەلەرزەکە زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە، بەهۆی بومەلەرزەکەوە چەندین باڵەخانە داڕماون کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی لەنێو داروپەردووی باڵەخانەکاندا گیریان خواردووە.