وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی هه‌رێم و وه‌زیری لێبورده‌یی ئیمارات باس له‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

لەسەر بانگھێشتی ئەنجوومەنی دانایانی موسوڵمانان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەردانی وڵاتی ئیمارات دەکات و له‌ چه‌ند دیدارێكدا جه‌خت له‌سه‌ر بایه‌خی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (5ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لەسەر بانگھێشتی ئەنجوومەنی دانایانی موسوڵمانان کە بارەگای سەرەکی لە وڵاتی ئیماراته‌ و له‌لایه‌ن شێخی ئەزھەر و پاپای ڤاتیکانه‌وه‌ سەرپەرشتی ده‌كرێت، بەشداری لە رێوڕەسمی پێشکەشکردنی (خەڵاتی شێخ زاید) بۆ برایەتی و مرۆڤایەتی كرد.

ئه‌و خه‌ڵاته‌ ساڵانە پێشکەش به‌ چەند کەسایەتییەکی کاریگەر لەسەر ئاستی تاک، رێکحراو و حکومەته‌كان ده‌كرێت، كه‌ کاریان لەسەر پێکەوەژیان، بەیەک گەیاندن و برەودان بەئاشتی، تەبایی و کاری خێرخوازی کردووە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، لە میانی سەردانه‌كه‌ی بۆ وڵاتی ئیمارات، پشتیوان سادق له‌گه‌ڵ ژمارەیەک کەسایەتی ئاینی و نێودەوڵەتی کە له‌ بواره‌کانى تەبایی و پێکەوەژیانی ئایینی كارده‌كه‌ن، لەوانە، نیھان بن موبارەک ئال نه‌ھیان، وەزیری لێبورده‌یی ئیمارات،  تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و چەندین کەسایەتی نێودەوڵەتی دیكه‌، کە له‌ دیداره‌كاندا بە گرنگییەوە رەوشی ئایینی و پێکەوەیی لە ھەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەباره‌وه‌ کرا.

هه‌روه‌ها وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پاراستنی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان كرده‌وه‌، وێڕای پاراستن و رێزگرتن له‌ مافه‌كانیان به‌گوێره‌ی بنه‌ما یاساییه‌كان.