میدیای چەواشەكاری ئێران بەردەوامە لەتۆمەت بەخشینەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو قەوارە سیاسییانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە جگە لە سوود و قازانج هیچ زیانێکی بۆ وڵاتان و گەل و نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە نەبووە و تەنانەت ڕۆڵی باڵای هەبووە لە دابینکردنی ئاسایش چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانی، کەچی لە هەمان کاتدا تۆمەتی ناڕەوای خراوەتە پاڵ، هەرچەندە هیچ کاتێک ئەو تۆمەتانە نەسەلمێنراون و زیاتر بە بیانوو لێک دەدرێنەوە.

لە ساڵی ١٩٩١ەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، پێوەندییەکی زۆر دۆستانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەتی ئێران و تورکیادا هەبووە و ئەو دوو وڵاتە کە پێشتر بەردەوام لەگەڵ ڕژێمی بەعس لە ململانێ و کێشە و شەڕدا بوون، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و بازرگانی و فەرهەنگیی و سیاسی پەرەیان بە پەیوەندییەکانیان دا و ئەو پەیوەندییانەش بە تایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ڕزگاربوونی عێراق زۆر زیاتر پەرەیان سەند.

هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێکڕ ەهەندەوە سوودی بۆ ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ناوچەکە هەبووە، دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان ئەو دەرفەتە زێڕینەی بە وڵاتان بەخشی تا بتوانن بازاڕێکی نوێ بۆ کاڵا و شتومەکەکانیان بدۆزنەوە. سەرووی ٦٠%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ڕێی هەرێمی کوردستان و نزیکەی تەواوی هەناردەی تورکیاش بۆ عێراق، هەر لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوەیە. کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانە لە هەرێمی کوردستان چالاکییان هەیە و دەیان ساڵە سوود لەو دۆخە لەبارە وەردەگرن کە لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە کایەوە.
بە هەزاران کرێکار و پیشەگەر و کاسبکار و وەبەرهێنەری وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ئێران و تورکیا، تا ئەم ساتەش لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و لێرەوە یارمەتیی خێزانەکانیان دەدەن و هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی ئەو قەیران و نەهامەتی و تەنگژە جیاوازانەی بەرۆکی وڵاتانی دراوسێی گرتووە.
هەرێمی کوردستان لە دەیەکانی ڕابردوودا ئارامترین شوێنی عێراق بووە و تەنانەت ماوەیەک هەولێر وەک پایتەختی سەرەکیی عێراق ناوی دەهێنرا چونکە زۆربەی ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان هەر لە هەولێر چارە دەکران. هاوکات لانکەی حەوانەوەی سەدان هەزار ئاوارە و لێقەوماوی عەرەب و کریستیان و ئێزدی و پێکهاتەکانی تر بووە و بە ماڵ و منداڵیان تێیدا گیرساونەتەوە. پێشتر ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە فەرمی چەندین جار بە بایەخەوە لەو ڕۆڵە گرینگەی هەرێمی کوردستانی ڕوانیوە و دەستخۆشیی لێ کردووە.
ئەمەش بەدەر لەو تایبەتمەندییە گرینگانەی کە هەرێمی کوردستان بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر و ڕەواندنەوەی هەڕەشەی تیرۆر لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا هەیبووە.
سەرەڕای ئەو تایبەتمەندییانەی باسی لێوە کرا لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان ئامانجی هێرشی مووشەکی و تیرۆر و خرابکارییەکانی ئەو وڵاتانە بووە و وێڕای تێکدانی ژینگە و کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، هەوڵ دراوە قەوارەکە لاواز بکرێت.
یەکێک لەو وڵاتانەی زۆرترین هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان ئێران بووە و هێڕشەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەتی لەوەتەی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان کە لە ١٧ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووەوە دەستیان پێ کرد بە خێرایی پەرەیان سەندووە. خۆپێشاندانێک کە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان و تەنانەت لایەنەکانی ناوخۆی ئێرانیش سەلمێنراوە کە ریشەی ناوخۆیی هەیە و فڕیان بە دەرەوەی وڵاتەوە نییە.
هەر بەم هۆیەوە چەندین جار خاکی هەرێمی کوردستان موشەکباران کران و زیانی گیانی و ماڵی گەیاند .
سەیر لەوە دایە ئێران ناکۆکی و ململانێکانی دەیان ساڵەی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا و سعوودیە و تەنانت ململانی و کێشە ناوخۆییەکانیشی هەر بە هەرێمی کوردستان گرێ داوە و هەر جارە و بە بیانویەک هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کردووە.
نوێترین تۆمەت و درۆی شاخداری کە ماوەی ڕابردوو لە لایەن ماڵپەڕی نورنیوزی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران درایە پاڵ هەرێمی کوردستان، گوایە ئەو هێرشە بوو کە ماوەی ڕابردوو لە دامەزراوەیەکی سەربازیی ئیسفەهان لە قووڵایی خاکی ئەو وڵاتە ئەنجام درا. ماڵپەڕە چەواشەكارەكەی ئێران، باسی لەوە کردبوو لە ڕێی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان پارچە و چەک، بۆ ئێران گواستراوەتەوە.
ئەم تۆمەتە ناڕەوایە لە کاتێکدایە سنوورەکانی هەرێم زۆر زیاتر لە ڕابردوو توندوتۆڵ کراون و حکوومەتی عێراق خۆی چاودێری دۆخەکە دەکات و بەغدا و هەولێریش لە پاراستنی سنوورەکان هاوئاهەنگییەکی تەواویان هەیە. جگە لەمە، ئێران سنوورێکی درێژی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی وەک ئازەربایجان و تورکیا و ئەفغانستان و پاکستان و چەندین شوێنی تر هەیە کەچی تەنیا پەنجەی تۆمەتی خستوۆتە سەر هەرێمی کوردستان و ئەمەش دەری دەخات هەموو ئەوانە بیانوو پێگرتنە و لە لایەن هەرێمی کوردستان بە تەواوی ڕەت کراونەتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە نیازەکان تێگەیشتووە.