كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی:ئەگەر لە سلێمانی ئیدارەیەكی باشی داهات بكرێت، كۆی پڕۆژەكانی سنوورەكەی پێ جێبەجێ دەکرێت

مەزهەر كەریم – سلێمانی

كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ “هەولێر” دەڵێت: ئەگەر لەسلێمانی ئیدارەیەكی باشی داهات بكرێت، كۆی پڕۆژەكانی سنورەكەی پێ جێبەجێ دەكرێت. دەشلێت: ئەو داهاتەی دێتە بانكەكانی سلێمانی وەك پێویست نیە گومان هەیە لە ڕێژەكەی كە زۆر زیاترە لەو ڕێژەیەی دەهێنرێتە بانكەكان.

  • باس لەوە دەكرێت جارێكی دیكە كاركردن لە ڕێگەی كەلار دەربەندیخان ڕادەوەستێت، ئەوە ڕاستە؟
  • بەلێ، لە مانگی دوانزەی ساڵی پاردا چوار سەد ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە لەمانگی یەكی ئەمساڵیشدا تەنیا دوو سەد و پەنجا ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە، بۆیە ئەو كۆمپانیای لەم پڕۆژەیەدا كار دەكات شەش ملیار دینار قەرزی هاتۆتە سەر، دیارە بەم شێوە ناتوانێت كارەكانی بكات و دەڵێت لە چەند هەفتەی داهاتودا كارەكانی ڕادەگرێت.
  • ئەو داهاتەی لەسنووری گەرمیان كۆدەكرێتەوە بڕەكەی چەندە بە ژمارە و بۆكوێ دەچێت؟
  • داهاتی دەروازەی پەروێزخانمان هەیە بە وتەی بەرپرسان مانگانە سەر و بیست ملیار دینارە، لە 25% داهاتی دەروازەكە بۆ چەند كۆمپانیایەك دەڕوات بە نەقدی، لەگەڵ ئەوەشدا مانگانە یەك ملیار دینار داهاتی كارەبامان هەیە هەروەها داهاتی شارەوانی داهاتی ئاوی ماڵان ‌و هاتوچۆ باجی خانوبەرەمان هەیە بە وتەی بەرپرسانی سنوورەكە بەكاری دەهێنن لەدابەشكردنی موچەدا.
  • گەرمیانییەكان بە هەڵوێست ناسراون، پێویستە هەڵوێستەكان چی بن لە بارەی نەمانی داهات و كەموكووڕیەكانی سنورەكەتان؟
  • ڕاستە هەڵوێستەكان وەك پێویست نین و گشتگیر نین لە گەرمیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك خەڵكی وەك ئێمە و مانان ‌و ڕێكخراوەكان هەڵویستمان هەیە . هەموو پڕۆژەكان لە گەرمیان وەستاون داهاتێكی زۆریش لەسنورەكە هەیە وەك داهاتی نەوت و دەروازە و زەویە گرانبەهاكان و هیتر.. بەڵام نەتوانراوە خزمەتی سنوورەكەی پێبكرێت.
  • باس لەوە دەكرێت كاركردن لە كۆی پرۆژەكانی سنووری سلێمانیش خراپە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
  • سلێمانی داهاتی زۆرە، ئەگەر ئیدارەیەكی باشی داهات بدرێت دەتوانرێت كۆی پڕۆژەكان خزمەتی سنوورەكەی پێبكرێت، تەنها ئەو داهاتەی ئاشكرایە دەهێنرێتە بانكەكانی سلێمانی كە دونیایەك گومانمان لەسەری هەیە و وەك پێویست نییە، بە وتەی پەرپرسانی سنوورەكە بۆ موچە بەكاری دەهێنن خزمەتی پڕۆژەكانی سنورەكەی پێ ناكرێت و سەرجەمی پرۆژەكان وەستاون.
  • غازی ماڵان لەگەرمیان و سلێمانی تا بێت گران دەبێت هۆی چییە و چیتان كردوە لەوبارەیەوە؟
  • بەپێی ئەو نووسراوەی بەردەستە، كەمی غازی ماڵان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشێکی دەدرێتە كۆمپانیای پەیوەندیدار و سێ سەد تەنی بەنایاسایی دەفرۆشێت بەوڵاتانی دەرەوە دوو سەد تەن دانراوە بۆ كۆی سنوری پارێزگاری سلێمانی كە لەم وەرزەدا پێویستمان بە نزیكەی پێنج سەد تەن هەیە .
  • ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمیبلی خراپ یان بێ سەرەتا لە گەرمیانەوە دەهێنرێنە هەرێم، بۆ ڕێگریی لەو دیاردە نەکراوە؟
  • وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەڕێگەی یاداشتەوە داوامان كردووە ڕیژەكانی هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە ڕێگری لێ بکرێت؛ بەرپرس هەبووە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتای پێ بووە لە ڕێگەی گوشارەوە ئۆتۆمبیلەكەمان پێ گێڕاوەتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتوە.
  • بانكەکانی سنوری سلێمانی داهاتیان تێدا نامێنێت یان پارەیان تێدا نییە هۆی ئەمە چییە ؟
  • باس لەوە دەكەن مانگانە بۆ پێدانی موچە چوار سەد ملیار دینار دابین دەكەن، بەڵام لەكاتێكدا مانگانە نزیكەی شەست بۆ حەفتا ملیار دینار داهات دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بانكانە ئەمەش خۆی بۆ خۆی گرفتە كەس سیقەی بە بانكە حكوومیەكان نەماوە لەسنوری سلێمانی.