شەریف سلێمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق: هەندێک لایەن هەوڵدەدەن لە ڕێگای دادگای فیدڕاڵییەوە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر بکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شەریف سلێمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ رۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دەبێت لایەنەکان ھاوکار بن، بۆ ئەوەی ھەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور کێشەکان چارە بکەن، نەک لە رێگای دادگای فیدڕاڵییەوە کێشەکان زیاتر بکەن.

  • بۆچی دادگای فیدڕاڵی دژی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەدات؟
  • بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نایاسایی و نادەستووریین، ئەوەش لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق نییە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا، چونکە نزیکبوونەوەیەک لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، بەتایبەتی پاش پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، چەندین کۆبوونەوە لە نێوان وەفدی ھەر دوو لا کراون، ڕێککەوتن ھەبووە، بەڵام بەداخەوە دادگای فیدڕاڵی جارێکی دیکە دژی ھەرێمی کوردستان و دەستووری عێراق بڕیارێکی دیکەی نایاسایی دا، ھەر دروستبوونی دادگای فیدڕاڵی نایاسایی بوو، چونکە بەپێی دەستوور ئەو دادگایە دروست نەبووە، بۆیە بڕیارەکانیشی نادەستوورین، ئەوەش لەسەر ئێمە پێویست دەکات کە ھەنگاوی خێرا بنێین بۆ ئەوەی یاسای دادگای فیدڕاڵی ھەموار بکەینەوە، پاشان یاسای نەوت و گاز دەربکەین، پێش پێکھێنانی حکوومەت لایەنەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتبوون کە دادگا ھیچ ھەنگاوێک نەنێت ھەتا ھەولێر وبەغدا دەگەنە رێککەوتن و ئەو یاسانە پەسەند دەکرێن، بۆیە دەبوایە دادگای فیدڕاڵی ھاوکار بایە بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسانە نەک کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا زیاتر بکات، بەڵام دیارە ئامانجێکی سیاسی لە پشتە ئەوەش بۆ عێراق خراپ دەبێت.
  • دوای بڕیاری دادگا چۆن دەڕوانە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا؟
  • پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا زۆر باشن، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ھەتا لایەنەکانی بەشدار لە پێکھێنانی حکوومەت زۆر گرنگی بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نەدەن، بەڵکو ھاوکار بن، بۆ ئەوەی ھەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور لەسەر کێشە ناکۆکەکان بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی ئەو یاسانەی کە پێویستن لە ماوەیەکی نزیکدا لە پەرلەمان پەسەند بکرێن.
  • بڕیاری دادگا کێشە بۆ بوودجە دروست ناکات؟
  • لەم مانگەدا بوودجە دەگاتە پەرلەمان، بەڵام ئەگەر دادگای فیدڕاڵی کێشە بنێتەوە و بەردەوام بڕیاری نایاسایی بدات بە تەئکید کێشە بۆ بوودجە دروست دەکات، چونکە حکوومەتی نوێی عێراق پێویستی بە بوودجەیەکی باش ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی ھەموو خەڵکی عێراق بکات و لایەنەکانیش لەخۆ رازی بکات.
  • یاسای نەوت و گاز چی بەسەر دێت؟
  • یاسای نەوت و گاز یاسایەکی گرنگە، دەبێت بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکان پەسەند بکرێت، بەتایبەتی بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەت لەسەر پێکھێنراوە و لە پەرلەمان دەنگی پێدراوە، ئەگەرنا عێراق بەرەو ئاقارێکی نادیار دەڕوات”.