خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان:هەڵبژاردن بە هەر شێوەیەک بێت پارتی کێشەی نییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی بەلای پارتییەوە گرنگە ئەوەیە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، جا بە ھەر شێوەیەک بێت. دەشڵێ: مانگی مارت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وادەی ھەڵبژاردن دیاری دەکات.

  • کەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت؟
  • تا ئێستا دیار نییە پەرلەمان کەی کۆ دەبێتەوە، پێشتر سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆبووەوە، بڕیار درا تا لایەنەکان لەگەڵ یەکدی دانەنیشن و ڕێکنەکەون، تا ئەو کات پەرلەمان کۆنەبێتەوە، بۆیە تا ئێستا دیار نییە کۆبوونەوەی پەرلەمان کەی دەکرێت.
  • کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی تا چەند دڵخۆشکەر بوو؟
  • کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ھەنگاوێکی باش بوو، بۆ ئەوەی بەجددی گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەو کێشانەی لە نێوانیاندا ھەن، تا ڕێکبکەون ، چونکە ئەگەر پارتی و یەکێتی ڕێککەوتن، ڕەوشی کوردستان باش دەبێت. خەڵک زیاتر ھەست بە دڵنیایی دەکات، پەرلەمانیش دەتوانێت بەردەوام بێت، پاش کۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەکێتی، پارتی سەردانی لایەنەکانی دیکەشی کرد، بۆ ئەوەی ڕای ھەموو لایەنەکان بزانێت لەسەر بابەتی ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.
  • پارتی تا چەند نەرمی نواندووە؟
  • پارتی ھەموو کاتێک لە پێناو بەرژەوەندی باڵای گەلەکەی، لەپێناو ئیستقراری سیاسی، نەرمی نواندووە و ئامادە بووە بۆ نەرمی نواندن، بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی ڕێچکەی خۆی بگرێت، ئێستاش لە بابەتی ھەڵبژاردن نەرمی نواندووە، بە ھەر شێوەیەک بێت، یەک بازنەیی، یان فڕە بازنەیی، پارتی کێشەی نییە، ھەتا لەبابەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کێشەیی نییە، ئەوەش تەنھا لەپێناو ئەوەی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردن بکرێت.
  • سەرۆکی ھەرێم کەی وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن دیاری دەکات؟
  • سەرۆکی ھەرێم ئەرکێکی یاسایی لەسەرە، پێویستە ڕۆژێک دیاری بکات بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، پێشتریش ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە ١ی ١٠ی ساڵی ڕابردووی دەست نیشان کردبوو، بەڵام لایەنەکان ڕێکنەکەوتن، ھەر ئەوەش وای کرد ھەڵبژاردن دوا بخرێت، پێشبینی دەکرێت تا مانگی مارت، ڕۆژێک دەستنیشان بکات بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن.
  • کەی کۆمیسیۆن کارا دەکرێتەوە و یاسای ھەڵبژاردن ھەموار دەکرێتەوە؟
  • پێویستە لایەنەکان لەسەر بابەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و پرسی ھەڵبژاردن ڕێکبکەون، کە ساڵی ڕابردووش ھەڵبژاردن نەکرا، ھەر لەبەر ئەو دوو بابەتە بوو، لایەنەکان ڕێکنەکەوتن و ھەڵبژاردن دواخرا و دواجاریش تەمەنی پەرلەمان درێژ کرایەوە، کە پارتی لەگەڵ ئەوە نەبوو. ئێستەش کە تەمەنی پەرلەمان بۆ ساڵێک درێژ کراوەتەوە، بۆ ئەوەیە لایەنەکان ڕێکبکەون بۆ ئەوەی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، بۆیە گرنگە تا مانگی مارت ھەم کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە، ھەم یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە، بۆیە دەبێت ھەرچی زووە لایەنەکان لەسەر ئەو دوو پرسە ڕێکبکەون، چونکە کاتێکی زۆرمان لەبەر دەست نییە.
  • چ پڕۆژەیەکی گرنگ لە پەرلەمانە و دەتانەوێت پەسەند بکەن؟
  • لەم خولەی پەرلەمان زۆر پڕۆژە یاسای گرنگ پەسەند کراون، زۆر پڕۆژە یاسای گرنگیش ماون؛ لەوانە پڕۆژە یاسای کار خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنھا ماوە بخرێتە دەنگدانەوە، یاسایەکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، گرنگی بە کەرتی تایبەت دەدات، گرنگی بە مافی کرێکاران دەدات، بۆیە یاسایەکی گرنگ دەبێت. ئەوە ئەولەویەتی کارەکان دەبێت، ئەوەی دیکە ١/٣ وەرزی یاسادانان دەست پێ دەکاتەوە حکوومەت و لایەنەکان ھەر پڕۆژە یاسایەک پێشکەش بکەن وەکو پەرلەمان کار لەسەر دەکەین و پەسەند دەکەین.