به‌یروت.. نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی به‌شداری كۆنگرەی پارتی كەتایبی لوبنانی كرد

 

بە نوێنەرایەتی سەرۆك بارزانی، فەلاح حەسەن  بەشداری  كۆنگرەی پارتی كەتایبی لوبنانی كرد و لەلایەن سەرۆك كۆماری پێشووی ئەو وڵاتەوه‌ پێشوازی لێكرا.

نوێنەری سەرۆك بارزانی، فەلاح حەسەن بەشداری لە 32هەمین كۆنگرەی پارتی كەتائیبی لوبنانی لە بەیروتی پایتەختى لوبنان كرد و سڵاوی سەرۆك بارزانی و  پەیامی دۆستایەتی و ئاشتی بارزانى گەیاندە سامی جومەیلی سەرۆكی پارتی كەتایب و ئەندامانی كۆنگرە و ئامادەبووان.

سەرۆكی پارتی دیموكراتی و كۆمەڵایەتی لوبنان، سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ناردن و بەشداری نوێنەری بەڕێزیان.

دووپاتیشیكردەوە، دۆستایەتی ئەوان و گەلی كوردستان دۆستایەتیەكی تۆكمەیە و رێز لە مافەكانی گەلی كوردستان و خەباتی نەپچڕاوی شۆڕشە یەك لە دوایەكەكانی بارزانی نه‌مر و بنەماڵەكەیان دەگرن.

ئەمین جومەیلی سەرۆك كۆماری پێشووی لوبنان، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی راگه‌یاند: “دۆستایەتی ئێمە و بەتایبەتی بنەماڵەكەمان لەگەڵ گەلی كوردستان، بۆ سەردەمی بارزانی نه‌مر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، باوكم (بەیار جومەیل) دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی و كۆمەڵایەتی لوبنان (كەتائیب)، دۆستایەتیەكی گیانبەگیانی هەبوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو مەلا موستەفا بارزانیدا و لایەنگرێكی سەرسەختی شۆڕشی موستەفا بارزانی بوو”.

لە بەرامبەردا فەلاح حەسەن بە نوێنەرایەتی سەرۆك بارزانی، سڵاوی سەرۆك مەسعود بارزانی گەیاندە ئەمین جومەیل و سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد.

لای خۆیەوە سەرۆك كۆماری پێشووی لوبنان، ئەمین جومەیل دڵسۆزی و پشتیوانی خۆی بۆ گەلی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی كرد، كە رۆڵێكی مێژوویان هەبووە بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردستان و پێشخستنی هەرێمی كوردستانی عێراق، كە بووه‌ته‌ ناوبانگێكی دیار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.