لە هەولێر زياتر له‌ ٥٠٠ مليۆن دینار بۆ تەواوكردنی چواردە پرۆژەی خزمەتگوزاری خەرج كرا

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە ٥٤٠ ملیۆن دیناری بۆ تەواوكردنی چواردە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگەی هەولێر دا؛ وەكوو قیرتاوكردن و دروستكردنی شەقام و كێربستۆن و كۆنكرێتكردن و چەند پڕۆژەیەكی دی. ئەو گوژمەیەی بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەش تەرخان كراوە، لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانییەكانە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر.

پڕۆژەكان بریتین لە كێربستۆنكردنی چەند شەقامێك لە بەحركە، دروستكردنی شەقام لە ناحیەی قوشتەپە، دروستكردن و قیرتاوكردنی چەند شەقامێك لە دارەتوو، دروستكردنی كۆڵان لە گەڕەكی دووسەرەفەتاح لە ناحیەی شەمامك، دروستكردن و دانانی قالبی كێربستۆنی شەقام لە گەڕەكی شەهیدان لە شارەوانیی ڕزگاری، كۆنكرێتكردنی گەڕەكی سەفین لە شاوێس، دروستكردنی شەقام لە كانی قڕژاڵە، كۆنكرێتكردنی شەقام و دیواری پاڵپشت لە گەڕەكی سابیراوە لە شەقڵاوە. كۆنكرێتكردنی كۆڵان لە سەلاحەدین، دروستكردنی نافوورە لە قەزای مەخموور، نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی چەند شەقامێك لە كەسنەزان، دانانی كێربستۆن و دروستكردنی ئاوەڕۆ لە بنەسڵاوە، لەگەڵ چەند پرۆژەیەكی دیكە لە سنووری ئەو شارۆچكانە.