نەخۆشخانەیەكی نوێ خزمەتگوزاریی فرەجۆر و بێبەرانبەر پێشكەشی هاووڵاتییان دەكات

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای پێشهات و قەیرانە جۆراوجۆرەكان، چاودێریكردن و بەرەوپێشبردنی ڕەوشی تەندرووستی بە ئەركی خۆی زانیوە؛ یەكێك لە نوێترین هەنگاوەكانی ئەم كابینەیە بۆ گرنگیدان بەكەرتی تەندرووستی و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانەی ئیماراتیی عەتایە لە شاری هەولێر، كە نەخۆشخانەیەكی مۆدێرنە و سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بێبەرانبەرە؛ ڕۆژانە ٢٢٠ كارمەند بە پێشكەوتووترین ئامێری پزیشكی، خزمەتگوزاریی تەندرووستی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكەن و تەنیا لە ماوەی سێ مانگیشدا، ٨٥٣ نەخۆش چارەسەر كراون و زیاتر لە ١٠٠ منداڵیش لەو نەخۆشخانەیە لەدایكبوون.


نەخۆشخانەكە خزمەتگوزاریی تەندرووستیی هەمەجۆری هەیە
بۆ ڕوونكردنەوە و زانیاریی زیاتر لەسەر ڕۆڵ و گرنگیی نەخۆشخانەكە و پێكهاتە و بەشە جیاوازەكانی، د. لانە تەڵعەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی گوت: “نەخۆشخانەكە لە بەشەكانی ڕاوێژكاری، نەشتەرگەی، لەدایكبوونی سرووشتی، خەواندنی نەخۆش، منداڵە ناكامەكان، دەرمانخانە، تاقیگە، تیشك و سۆنەر، پێكدێن، كە سەرجەمیان بێ بەرانبەرن. هەروەها بۆ چەند خزمەتگوزارییەكی وەك: نەشتەرگەری، منداڵبوونی سرووشتی، دەرمانخانە و تاقیگە، بڕە پارەیەكی زۆر كەم، تەنیا وەكوو ڕسومات لە بەرانبەر كردنەوەی فایلەكان وەردەگیرێت”.


لە سێ مانگی دوای كردنەوەیدا، ٨٥٣ نەخۆشی چارەسەر كردووە
لەبارەی چارەسەركارییەكانی ئەو نەخۆشخانەیە، د. لانە تەڵعەت گوتی: “لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ نەخۆشخانەكە كراوەتەوە و لە ماوەی سێ مانگی كردنەوەیدا، ٨٥٣ نەخۆش چارەسەریان بۆ كراوە و زیاتر لە ١٠٠ منداڵیش لەو نەخۆشخانەیەدا لەدایكبوونە. هەرچەندە كردنەوەی بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە، بەڵام زۆربەی بەشەكانی بۆ خزمەتكردنی نەخۆش كراونەوە و تا ئێستا ٦٥ حاڵەتی لەدایكبوونی سرووشتی و ٤٨ حاڵەتی نەشتەرگەری هەبوونە. لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژانە ٢٢٠ كارمەند بە پێشكەوتووترین ئامێرە پزیشكییەكان خزمەتگوزاریی تەندرووستی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكەن”.


كابینەی نۆیەم هاوكاریی گەشەپێدانی كەرتی تەندرووستی دەكات
لەڕووی دابینكردنی دەرمان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكانیشەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە گوتی: “لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندرووستیی هەولێر و وەزارەتی تەندرووستییەوە، پشتگیری ئەو بابەتە دەكرێت” بۆیە دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوەدا “كابینەی نۆیەم پشتگیریەكی تەواوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندرووستی و وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانەكان دەكات، بۆیە ئێستا خزمەتگوزاریی تەندرووستی زۆرتر بەرەو پێش چووە.”
نەخۆشخانەی عەتای ئیماراتی، كە بەشێوەیەكی سەردەمییان بونیاد نراوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندرووستیی هەولێر و بە هەماهەنگیی مانگی سووری ئیماراتی بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان كراوەتەوە و سەرپەرشتیكردن و هاوكاریكردن و بەڕێوەبردنیشی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئاسانكاریی زۆری بۆ كراوە.