سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بە ئامادەبوونی مه‌سرور بارزانی رێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات بەڕێوەدەچێت

بە ئامادەبوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات بەڕێوەدەچێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (1ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2023)، (19) ساڵ بەسەر تەقینەوەكانی (1)ی شوباتی (2004) تێدەپەڕێت، كە لە یەك كاتدا بارەگاكانی لقی (2)ی پارتی و مەڵبەندی (3)ی یەكێتی لە ھەولێر له‌رێگه‌ی دوو كرده‌ی خۆكوژییه‌وه‌ ته‌قێندرانه‌وه‌ و بەوھۆیەوه‌ (103) كەس شەھید بوون، ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

له‌وباره‌وه‌، ئه‌مڕۆ کاتژمێر 9:30 خوله‌ك بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ (31ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2023)، وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌:  پێش(19)ساڵ و لە رێکكەوتی (1)ـی شوباتى ساڵى 2004، تیرۆریستانی تاریک ویست، لە دوو کردەوەى خۆکوژیدا لە شارى هەولێر، (103)بەرپرسى حکومى، سەرکردە، کادیر، پێشمەرگە و هاووڵاتییانیان شەهیدکرد و ژمارەیەکى دیكه‌ش برینداربوون.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئەگەر چى تیرۆریستان ئەو کارە قێزەوونەیان بۆ تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشییەکانى جەژن بوو، بەڵام خوێنى شەهیدان و قوربانییەکان بوونە هەوێنى بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و سه‌روه‌ری كوردستان.