بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەك بە هاوكاری یاریدەدەرێتی ئاسایشی ئەو سنوورە دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە دزییان لە نزیكەی 30 شوێن لە سیتەك كردبوو.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەدراوە، دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەك سكاڵایان تۆماركرد، كە لە سنووری سیتەك دزییان لێكراوە.
لەدوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و چاودێریكردنی تۆمەتباران، توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی سیتەك بە هاوكاری یاریدەدەرێتی ئاسایشی ئەو سنوورە دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن.
بە گوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی، لەكاتی دەستگیركردنیشی تۆمەتبارەکاندا دەستگیرابەسەر چەند پارچە چەكێك و بڕێك پارەو كەل و پەلی دزراودا، لەگەڵ سێ ئۆتۆمبێل كە بە تۆمەتباران بووە .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هەر یەک لە تۆمەتبارەکان ( م،أ،أ لەدایكبووی 1996 و س،ل،ح لەدایكبووی 1971) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی پارێزگای سلێمانی داوا لە هاووڵاتیانی سنووری سیتەک دەکات كە دزییان لێكراوە و كەلوپەلەكانی خۆیان دەناسنەوە، سەردانی بنكەی پۆلیسی سیتەك بكەن بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا.