دلۆڤان رەحیم – ههولێر
هەرچەندە هێشتا دۆخی شنگال بە تەواوی ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام بە هەوڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاش زیاتر لە 8 ساڵ ئاوارەیی، نزیکەی سەد و پەنجا هەزار ئاوارەی شنگال گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. هێشتا دەیان هەزار ئاوارەی دیکە لە دۆخێکی خراپدا دەژین و حکوومەتی عێراق هاوکاریان ناکات و بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر ئاوارەکان جێبەجێ ناکات .
بەپێی ئەو ئامارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: تاوەکو ئێستا پێنجسەد و پەنجا هەزار کەس لە نێو شنگالدا نیشتەجێن و سێ سەد و شەست هەزار کوردی ئێزدی هێشتا هەر ئاوارەن و لە کەمپەکاندا دەژین، جگە لەوانەش نزیکەی سەد هەزار کوردی ئێزدی لە دەرەوەی عێراق دەژین .
بەهۆی هێڕشی داعش لە ئابی 2014دا، هەزاران کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و سەدان هەزاری دیکەش پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا. هەرچەندە زیاتر لە شەش ساڵە شنگال ئازاد کراوە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە. بوونی گرووپی چەکدار و نەبوونی خزمەتگوزاری هۆی سەرەکیی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانە. گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و پەکەکە ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و جێبەجێکردنی یاسا لەو شارە. کوردی ئیزدی داوا دەکەن پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان خێراتر بکرێت، لەکاتێکدا پەرلەمانی عێراق شارەکەی وەکو وێران بوو داناوە و پێویستە بەپێی یاسا حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی ئاوەدانکردنەوەی لە ئەستۆ بگرێت .ئەوە لەکاتێکدایە وڵاتانی ئەوروپا، بەلجیکا و هۆڵەندا، دواینیشیان ئەڵمانیا دانی بە جینۆسایدی کوردی ئێزدی دا ناوە.
جگە لەوانەش لە ساڵی 2018وە، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان UN-Habitat داوای مافی تاپۆ و پێدانی زەوییەکان بە کوردانی ئێزدی دەکات، زیاتر لە چواردە هەزار و پێنج سەد کەس لە شنگال، باس لە دەستبەسەرداگرتن و بێ بەشکردنیان لە مافی زەوی و خانووەکانیان دەکەن .
نوێنەرانی کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن: تاپۆکردنی زەویی و خانووەکان بڕیارێکی باشە، بەڵام لەوە باشتر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالە .
هەر بەپێی قسەی نوێنەرانی کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، هێشتا نیوەی زیاتری ئەو کوردە ئێزدییانەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە، نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام ئەو ڕەنگە بڕیارە هاوکار بێت بۆ گەڕانەوە.
ڕێککەوتنی شنگال لە ئۆکتۆبەری 2020 لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئیمزا کرا، ڕێککەوتنەکە بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی ئاسایش و خزمەتگوزاری بوو لە ناوچەکەدا تاکو کارگێڕییەکی یەکگرتووی دانپێدانراو هەبێت و ڕێگە نەدات گرووپەکان دۆخی شنگال ئاڵۆز بکەن. دوای ڕێککەوتنەکە شاندێکی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ حەشدی شەعبی کۆبوونەوە و ڕێککەوتنەکەیان ڕەتکردەوە.حەشدی شەعبیش دەستی هەبوو لەوەی گرووپە چەکدارەکانی شنگال ڕۆڵیان بمێنێت ، بەشێکی ئەو گرووپانەشی سەر بە پەکەکەن چەک و مووچە لە حەشدی شەعبی وەردەگرن.
لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ سوپای عێراق هیزی زیاتری ڕەوانەی شنگال کرد، بە ئامانجی داخستنی بارەگای گرووپە چەکدارەکان، بەڵام لەوێ شەڕ و ئاڵۆزی ڕوویدا.. لیوا نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند: هەموو دام و دەزگاکان دەکەینەوە و دەسەڵاتی فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت، ئێستا بەشێکی ئەو گروپە چەکدارانەی لە شنگالن سەر بە حەشدی شەعبین و ڕێنماییش لە پەکەکە وەردەگرن، ئەو گرووپانە سەرچاوەی نائارامین بۆ ناوچەکە.