سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەندازیاری ئاشتبوونەوە، لە ڕوانگەی سەرۆک بارزانییەوە

کاک ئیدریس، مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێشکەوتووییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و ببووە هۆی نەرمونیانییەکەشی. کەسێکی لەخۆبووردو و خاکی بوو. لێبووردە بوو و بیری لە تۆڵەکردنەوە نەدەکردەوە. زۆر جار خەڵکی ئاسایی و هەژاری بە ئەندامێکی خێزانەکەی دەزانی، هەستکردن بە کەموکورتیی لای بەرانبەر دەڕەواندەوە، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی کاک ئیدریس جێی خۆی لە دڵی خەڵک و هەموو چین و توێژەکاندا بکاتەوە و بە پشت و پەنا و فریادڕەسی خۆیانی بزانن.

کاک ئیدریس خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و لەسەرخۆ و بیرکراوە و هۆشیارییەکی لەڕادەبەدەری هەبوو. سوور بوو لەسەر چارەکردنی کێشەکانی خەڵک، دەیزانی بەرپرسیارەتیی گەورە لەسەر شانیەتی و ڕەوشت و ڕەفتارەکانی باوکی لە ژیانیدا بەرجەستە دەرکرد، چونکە نە کۆڵی دەدا و نە ماندوو دەبوو. بۆیە لە هەر شوێنێک بووایە، کورد لە دەوری کۆ دەبوونەوە و شوێنی گازندە و هیوا و ئۆمێدی خۆیان لە کاک ئیدریسدا دەبینییەوە.
کاک ئیدریس هەمیشە بە بیری ئەو گەنجانەی دەهێنایەوە کە دەڕۆیشتنە دەرەوە و دەیگوت: بەلای منەوە گرنگ نییە کە کورد لە کوێ دەژی، گرینگ ئەوەیە کورد بێت، بەڵام ئەو پێشمەرگانەی لە شاخەکانی کوردستان سینگی خۆیان کردووەتە سپەر و قەلغان، هەروەک ئێوە گەنجن.
بڕوایەکی تەواوی بە سەرکەوتن هەبوو و دووپاتی دەکردەوە کە هەرچەندە ڕۆژگاری چەپگەر تووشی ئەم کارەساتە گەورەیەی کردووین، بەڵام باوەڕتان هەبێت کە یەزدانی مەزن قەت زوڵم قبووڵ ناکات. ئێمە زوڵملێکراوین و بە نامەردی لە پشتەوەڕا خەنجەریان لێ داوین، بەڵام خوا هەر سەرمان دەخات دڵنیا بن لەوەش کە کوردستان ڕزگار دەبێت و ئێمەش دەبێ پەند وەربگرین و شۆڕشی ئەم جارەمان بۆ سەرکەوتن ببەین.
کاک ئیدریس بارزانی بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد هەبوو، هەروەها بایەخ و گرینگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا و لە ژیانی پارتایەتیدا.
کاک ئیدریس شارەزایییەکی تەواوی لەسەر ناوەڕۆک و ڕەفتار و سیاسەتەکانی دەوروبەر هەبوو لە سیاسەتی دەوڵەتانەوە تا پارتە ئۆپۆزیسۆنەکان. پەیوەندی پتەوی لەگەڵ پارتە کوردستانی و عێراقیەکان هەبوو. دەیتوانی سەرکەوتووانە پەیوەندییان پێوە بکات ئامادەی هەنگاوێکی گرینگی قۆناغ بە قۆناغیان بکات. هەر ئەم شارەزاییە وای لێ کردبوو بتوانێت لەسەر ئاستی عێراق و دەوڵەتە عەرەبیەکان و ئێران و تا ئەورووپا لە ڕووی ئاستی کاری دیپلۆماسی ئەو کاتە، چالاکیی داکۆکی لە مافی کورد بکات.
کاک ئیدریس بۆ من لە جێگەی باوکم بوو و جگە لەوەی براگەورەم بوو، برای بیروباوەڕیش بوو و ئەوم لە خۆم زیاتر خۆشتر دەویست

بەیانیی ڕۆژی ٣٠ی ئابی ١٩٨٦ لە گەلیی بێنارێ خواحافیزیمان لە کاک ئیدریس و برادەران کرد ، بەڵام کاتێک لە کاک ئیدریس جیا بوومەوە، دۆخێکی دەروونیی ناسروشتی و دڵەڕاوکێ دایگرتم وەک بلێی ڕووداوێکی ناخۆش چاوەڕێمان دەکا.
ساڵی ١٩٨٧ ، لە کاتێکدا کە لەناو جەرگەی شۆڕش و جەماوەرە خۆڕاگرەکەمان و ناوچە ڕزگارکراوەکان و شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان سەرقاڵی چالاکی و دیدار و کۆبوونەوەکانمان بووین، لەناکاو پێشهاتێکی ناخهەژێن ڕووی دا. ئێوارەی ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٨٧، سەرچاوەکانی هەواڵ بۆردۆمانێکی ورمێی بڵاوکردەوە. بەو پێیەی منداڵەکانمان لە ورمێ جێ بهێڵن، دواتر برووسکەی مەکتەبی سیاسی هات کە بڕیارە ڕۆژی ٣٠ ی کانوونی دووەمی ١٩٨٧، کاک ئیدریس لە تاران بگەڕایتەوە ڕاژان و سلێڤانا. کاک ئیدریس ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەم ١٩٨٧ لە کەرەج بە سەلامەتی گەیشتبووە ڕاژان و سلیڤانا و ئێوارەی هەمان ڕۆژ کاک ئیدریس کۆچی دوایی کرد.
بەرە بەیانی ڕۆژی ١شووباتی ١٩٨٧ حەمەد فەقۆی پاسەوان هاتە ژوورەوە و پاکەتێکی دامێ، کە پاکەتەکەم کردەوە برووسکەی مەکتەبی سیاسی بوو. برووسکەکەم خوێندەوە، بڕوام نەکرد، ئایا خەو دەبینم! دنیا لەبەر چاوانم تاریک بوو، هیچم نەدەبینی، ناخ و دەروونم هەژا. نەمدەزانی ڕوو لە کوێ بکەم ، شۆکێکی یەکجار گەورە و دڵتەزێن بوو، کۆستێک بوو هەرگیز لە بیر و یادەوەریمدا ناسڕێتەوە.

دەقی یادداشتی سەرۆک بارزانی لە بارەی کاک ئیدریس لە ١ی شوباتی ١٩٨٧ دا

بسم اللە الرحمن الرحیم
انا اللە وانا الیە راجعون. لن یصیبنا الا ما کتب اللە لنا
زۆر بە داخەوە برا گیان، خۆزگە من لە شوێنی تۆ بام. زۆر ڕازیم بە قەزا و قەدەری خوای گەورە، بەڵام ئەدی بەڵینمان نە دابوو یەکتری جێ نەهێڵین؟ دڵنیام بە دەستی خۆت نەبووە، ئەگینا جێت نەدەهێشتم، سەر لەنوێ زامەکانمان کوڵانەوە( ئەدی بەڵێنمان نەدابوو ؟) جارێکی تر لە خەم و ئازارەکانمان دەپەڕینەوە .
براکەم، دیارە باوکمان بیرت دەکات، بەدڵنیاییەوە ئیشی پێتە، بەڵام ئێمە زیاتر پێوسیتمان بە تۆ هەبوو. خەمخۆری خەمی هەژار و لێقەوماوان، پەروەردە و گوێڕایەلی باوکی خۆت، بەخوا تۆ نموونە و هێمای ڕەوشتبەرزی و وەفا و ئەمەک و پاکی و ڕاستی بووی، دیارە ئەم گەلە چانسی نییە، ئەگینا جێت نەدەهێشتن. ئایا دەزانی هەموو کوردێکی دلسۆز لە ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا و لە هەر شوێنێک پرسەیان بۆ داناویت و ئەسرینت بۆ دەبارێنن .