كارزان گلی – ههولێر
لە 24_1_2001، لە پەلامارێكی تیرۆریستیدا، عەلی غەفار ئۆككان، بەڕێوەبەری ئاساییشی ئامەدی باكووری كوردستان، تیرۆر كرا. لەو رۆژەوە ئامەدییەكان هەموو ساڵێك ساڵیادی مردنەكەی دەكەنەوە و تاجە گوڵینە دەبەنە سەر گۆڕەكەی و خۆشەویستیی خۆیانی بۆ دەردەبڕن.
كەم بەڕێوەبەری ئاساییشی تورك هەیە لەباكووری كوردستان، توانیبێتی جێی خۆی لەناو دڵی كوردان بكاتەوە، بەڵام غەفار توانیبووی لەناو ئامەد ببێتە ئەو كەسایەتییەی خۆشەویست بێت و خەڵك بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.
كاتێك غەفار ویستوویەتی بچێتە سەر كاری خۆی، لەگەڵ پێنج پاسەوانی تایبەت بەخۆی پەلامار دەدرێن و دەستبەجێ دەكوژرێن، ئەمەش بەلای ئامەدییەكانەوە جێی نیگەرانی بوو، چونكە هیچ كاتێك بەرێوەبەرێكی ئاساییشی وەكوو غەفار نەهاتووەتە شارەكەیان، كە ئەوەندە كوردی خۆش بوێت و ئەوەندەش رێزیان لێ بگرێت.
كێ تیرۆری كرد؟
وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، لە 2000، كاتێك ئاساییشی ئیستانبۆڵ، لە ئۆپەراسیۆنێكی گەورەدا توانیی سەرۆكی حزبوڵا لە توركیا بە ناوی حوسێن وەلیئۆغڵو دەستگیر بكەن، ناوی غەفار هاتووە كە یەكێك بووە لەو كەسانەی بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنەی كردووە، بۆیە حزبوڵا لە تۆڵەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنەدا غەفاریان تیرۆر كردووە.
رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەو كەسەی بە تۆمەتی تیرۆركردنی غەفار دەستگیر كرابوو ناوی سوعاد چەتین بوو، بەڵام لە 26_12_2019 ئازاد كراوە، بۆیە ئیدی هیچ كەسێك لە زیندان لەسەر تۆمەتی تیرۆركردنی غەفار نەماوە.
عەلی غەفار ئۆككان، لە 1952 لە ساكاریا لەدایكبووە، لە 1973 توانی ئەكادیمیای پۆلیس تەواو بكات و لە 1997، وەكوو بەڕێوەبەری ئاساییشی ئامەد دەستبەكاربووە.
ئەو كاتەی غەفار بووەتە بەڕێوەبەری ئاساییش ئامەد، ئەو شارە باری نائاسایی تێدا جێبەجێ دەكرا، بەڵام ئەو توانی لەو بارودۆخەشدا دڵی خەڵك بۆ لای خۆی رابكێشێت و لە ماوەیەكی كەمدا ئامەدییەكان ئەویان خۆش ویست.
لەسەردەمی ئەودا، بۆ یەكەمجار بوو لە ئامەد ئافرەت ببێتە پۆلیس و ئەو توانی ئەو رێچكەیە بشكێنێت. هەروەها یەكێك بووە لەوانەی توانی ئامەد لە حیزبوڵا پاك بكاتەوە، چونكە بەر لە هاتنی غەفار ئەو پارتە ئیسلامییە لە ئامەد زۆر بەربڵاو ببوو.
غەفار لەلای ئامەدییەكان زۆر تایبەت و خۆشەویست بوو، بۆ خۆشی چەندین جار گوتوویەتی من یەكێكم لەوان، بۆیە كاتێك تیرۆر كرا و تەرمەكەی گەڕێندرایەوە بۆ مەملەكەتی خۆی كە ساكاریابوو، خەڵكی ئامەد هەموو هاتنە سەر شەقام و وەكوو رێزگرتنێك لەو بەرپرسە توركە، تاجەگوڵینەیان لەسەر تەرمەكەی دانا و بەگریانەوە ماڵئاواییان لێی كرد.
غەفار، لەو ماوەیەی لە ئامەد بەڕێوەبەری ئاسایش بوو، یانەی تۆپی پێی ئامەدی گەیاندە ریزبەندی یەكەمی لیگی توركیا، بۆیە یانەی تۆپی پێی ئامەد لەكاتی بەڕێكردنی تەرمەكەی غەفار بۆ ساكاریا، ئامادە بوون و بە حوزنەوە بەڕێیان كرد.
هەر لەو ساڵەی كە غەفاری تێدا تیرۆر كرا، چەندین خێزان لە ئامەد، كاتێك منداڵی تازەیان لەدایك دەبوو، ناویان لێی دەنا غەفار، ئەویش لەبەر خۆشەویستیان بوو بۆ ئەو بەرپرسە توركە.