پارێزگاری هه‌ولێر: رێگە بەهیچ کەس و لایەنێک نادرێت بەدەر لە رێنماییە زانستی و یاساییەکان دەرمان هاورده‌بکات

له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە چاودێری بازاڕ، پشكنین و كۆنتڕۆڵی جۆرى خۆراك و کوالێتی دەرمان بەڕێوەچوو.

دوێنێ پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى نوێنه‌ری نوسینگه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمى هەرێمى کوردستان و نوێنەرى فه‌رمانگه‌ی هه‌مانگی و به‌دواچوونى ئەنجوومەنى وەزیران، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە چاودێری بازاڕ، پشكنین و كۆنترۆڵی جۆرى خۆراكی به‌رهه‌مهاتوو و هاورده‌كراو و کوالێتی دەرمان، بەڕێوەچوو.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند، ئامانجى ئێمە وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان، پاراستنی کوالێتی دەرمان و تەندروستی هاونیشتمانییانە، بۆیە دەمانەویت باشترین و بەرزترین کوالێتی دەرمان لە شارەکەمان و هەرێمى کوردستان دابینبکرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: “رێگە بەهیچ کەس و لایەنێک نادرێت، بەدەر لە رێنماییە زانستی و یاساییەکان، هاوردەی دەرمان بکات”.
هه‌روه‌ها پارێزگارى هەولێر جەختى لە سەر ئەوەش کردەوە، لیژنەکان کار لە سەر تەندروستی و کوالێتی خۆراک بکەن و لە هەڵمەتى چاودێریکردنى بازاڕ و پشکنینەکانیان بەردەوام بن، بە تایبەت لە قوتابخانەکان و ئەو شوێنانەی کە خۆراکی تێدا ئامادە دەکرێت و پێشکەشی هاووڵاتییان دەکرێت.
ئومێد خۆشناو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گوتیشی: “لە هەر شوێنێک خۆراکی خراپ و ماوە بەسەرچوو دەستى بەسەرداگیرا، رێکكارى توندى یاسایی لەگەڵ خاوەنه‌کەى ئه‌نجام بدرێت، تەندروستى هاووڵاتییان لاى ئێمە لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە.”