چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پێنج “تیرۆریست” له‌ كه‌ركووك ده‌ستگیركران

 

ئاژانسی هه‌واڵگیری و لێكۆڵینه‌وه‌كانی فیدراڵی عێراق ده‌ستگیركردنی پێنج تیرۆیستی له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك راگه‌یاند.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (29ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، ئاژانسی هه‌واڵگیری و لێكۆڵینه‌وه‌كانی فیدراڵی عێراقی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، هێزه‌كانیان توانیویانه له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی تایبه‌تدا‌ پێنج “تیرۆریست” له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك ده‌ستگیربكه‌ن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، بازگه‌گانی سه‌ر به‌ ئاژانسی هه‌واڵگیری و لێكۆڵینه‌وه‌كانی فیدراڵی ئه‌و پێنج تیرۆریستانه‌یان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازی پارێزگای كه‌ركووك ده‌ستگیركردوون. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌وڵه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ راونانی “تیرۆریستان” به‌رده‌وامه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، “له‌میانی لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌گه‌ڵ تیرۆریستان، ده‌ركه‌وت یه‌كێكیان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام جلوبه‌رگ، خواردن و زانیاری له‌باره‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ تیرۆرستانی داعش داوه‌”.

ئاژانسی هه‌واڵگیری و لێكۆڵینه‌وه‌كانی فیدراڵی راشیگه‌یاندووه‌، رێكاری یاسایی پێویست به‌رامبه‌ر ئه‌و پێنج “تیرۆریسته” گیراونه‌ته‌به‌ر.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رۆژی یه‌كشه‌ممه (15ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایگه‌یاند، هیچ كاتێك بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق دیارینه‌كراوه‌ و عێراق پێویستی به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی یه‌كجاری داعش.

محەممەد شیاع سوودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، هەڕەشە و هێرشی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ ناو سنووری ناوچه‌كانی عێراق به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق تاوه‌كو ئێستا پێویستیان به‌ پاڵپشتی، راوێژ و راهێنانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا، سوودانی باسی له‌وه‌شكردووه‌، كابینه‌كه‌ی دەیەوێت بە هەمانشێوەی سعوودیە و وڵاتانی کەنداو سوود لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمه‌ریکا وەربگرن، هه‌روه‌ها دەشکرێت لەیەککاتدا لەگەڵ ئێران و ئەمه‌ریکا پەیوەندییەکی باشیان هەبێت.

هه‌ر لەو چاوپێکەوتنه‌دا لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیكردووه‌ته‌وه‌، جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مه‌ریكا لە سەرۆکەکانی پێش خۆی جیاوازە و لەهەمووان زیاتر شارەزای عێراقە، دەکرێت ئەمه‌ بكرێته‌ بنه‌مای پەیوەندییەكی زۆر باش له‌نێوان به‌غدا و واشنتن.