ڕێککەوتن یان دادگا؟ دادگای فیدراڵی بووەتە ئامرازی بەکارهێنان لە پرۆسەی سیاسیدا

هێشتا سازانی سیاسی بنەمای کارگێڕیی حوکمە لە عێراقدا، هەڵبژاردن لە لایەک کار دەکات، بەڵام لە کۆتایی دا ڕێککەوتنە سیاسییەکان بنەمای ئەوە دادەنێت کە چی لە هەڵبژاردن کراوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا رێژەی بەشداری خەڵک بەوشێوەیە نەبووە کە خواستی هەمووان بێت .

لێرەوە هەموو دەزانن کە لایەنێکی دیکە هاتووەتە نێو پرسەکە، دادگای فیدرااڵی دەستوەردان دەکات، نیازێکی سیاسی بە ڕوونی لە کارەکانیدا دەردەکەوێت، چونکە هەر کاتێک ڕێککەوتنی سیاسی، یان حکوومی هەبێت، ئەوا دادگاکە دێتە سەر خەت و زیاتر بڕیارەکانی ئاراستەی سیاسی پێوە دیارن لەکاتێکدا ئەرکی سەرەکی خۆی چوارچێوەی یاساییە، هەندێک کاتیش لە ڕێککەوتنە سیاسیەکانیش سیاسیەکان خۆیان لێی بێبەری دەکەن و بەلایەوە ناچن .

عێراق هێشتا لە قۆناغی دووانە و سیانە و چوارینەی حوکمی سیاسی دەڕوات، نەک پرۆسەیەکی دیموکراسی، چونکە ڕێککەوتنە سیاسیەکان ناچنە نێو وردەکاری ئالیەتەکانی پرۆسەی دیموکراسی لەو دۆخەدا، کێشەیەکی دیکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕوویدا، لەکاتێکدا ئاراستەی گشتی بەوجۆرە بوو کە هەل بڕەخسێنرێت بۆ بەرەوپێشچوون و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی دەستوور کە تاوەکو ئێستا چالاک نییە و نێوەڕۆکەکەی جێبەجێ نەکراوە.

کێشە نوێکە داراییە بە پلەی یەکەم، دادگای فیدراڵی ڕەتی دەکاتەوە حکومەتی عێراق دیاری بکات بەشە بودجە و شایستەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت بۆ مووچەی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان .

سەرۆک بارزانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە هەمان ڕۆڵ و کاری ” محکمة الثورة” دادەنێت، لە کار و نێوەڕۆکدا ئەو دادگایە پێچەوانەی ئەو ئاراستە کار دەکات کە هەوڵی بۆ دەدرێت، لەکاتێکدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوو لە نزیککردنەوەی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە پرسە جیاوازەکاندا .

پەیوەندی لەگەڵ دادگای فیدراڵی بەردەوامە، هەندێک لایەن بە یەکلاکەرەوەی پرۆسەی سیاسی دایدەنێن، بەڵام ئەوە پێچەوانەی ویستی گشتیە، چونکە پرۆسە سیاسیەکە لە بنەڕەتدا خۆی نا یاساییە و بنەماکەی سیاسییە، یانیش دەکرێت بڵێی ناچارییە، هەندێک جاریش بە گوشاری دەرەکی کار دەکەن، بۆیە رەوایە ئەو دادگایە ببێتە یەکلاکەرەوەی ئەو پرسانە کە خۆی بووەتە پارێزەری پرۆسەیەکی نایاسایی لە دۆخی عێراقدا؟ چارە نییە، بەڵام باشترین شت ئەوەیە هەر حکومەتێک هەبێت دەستکراوە بێت بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، هەڵوێست بە گوێرەی پێویستی دەوڵەت بنێت نەک لەسەر بنەمای ناکۆکی سیاسی، ئەوەش بۆ ئەوەی ڕێگر بێت لەوەی دادگا بێتە نێو ململانێی سیاسی دواتریش تۆمەتبار بکرێت بە دەستوەردان تێیدا .

ھەواڵی زیاتر