ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
دوای نۆژەنكردنەوەی مۆزەخانەی شۆڕشی ئەیلوول لە باڵەكایەتی، خاڵە حەمید سندی بووە یەكەمین كەس كە بڕنەوەکەی شانی خۆی پێشكەشی مۆزەخانەی شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلوول كرد.
رێكەوت رزگار، ئەندامی رێكخراوەی نەوەكانی ئەیلوول لە باڵەكایەتی لە لێدوانێكیدا بە (هەولێر)ی گوت: دوای نۆژەنكردنەوەی مۆزەخانەی شۆڕش لە پردی بنكێلان لە سنووری باڵەكایەتی، پێشمەرگەیەک چەكی شانی خۆی دەكاتە دیاری بۆ ئەو مۆزەخانەیە.
رێكەوت رزگار دەڵێت: خاڵە حەمید سندی سەرباری زەحمەتكێشان و دەور و ڕۆڵی قارەمانانەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد دووبارە منەتباری كردینەوە بە پێشكەشكردنی نزیكترین هاوڕێی خەباتی چەكداری كە چەکەكەی شانیەتی؛ جوانترین و شیرینترین یادگاری سەروەری مێژوویینی ژیانی خۆی پێمان بەخشی. ئومێدەوارین لەو ئاستەدا بین بتوانین ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی ئەیلوول و ڕابەری ئەم شۆڕشە مەزنە نیشانی نەوەی ئێستا و دواڕۆژ بدەین.
حەمید خوستی ئیسماعیل ساڵی ١٩٣٩ لە گوندی بازنگیر لە ناوچەی سندیان سەر بە قەزای زاخۆ لەدایك بووە. ساڵی ١٩٦١ چەكی لە شان كردووە و بووەتە پێشمەرگە.
حەمید خوستی، ناسراو بە حەمید سندی بەشداریی دەیان شەڕی قورسی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیشدا كردووە و پێنج كوڕەمامیشی لە شەڕەكانی ناوچەی زاخۆدا شەهید کەوتوونە. ناوبراو بە هۆی خەبات و چالاكییەكانیەوە، ڕۆژی ١٦/٨/١٩٩٦ لە یوبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتدا بە مەدالیای بارزانی خەڵات کراوە؛ ساڵی ٢٠١٣ بە پلەی فەریق خانەنشین كراوە، بەڵام هەتا ئَێستا لە ئەركی خۆیدا لە دەزگای ئەیلوول لە زاخۆ بەردەوامە. سەبارەت بە وەرگرتنی مەدالیای بارزانی دەڵێت: هیچ شانازییەك لە وەرگرتنی ئەو مەدالیایە بۆ من گرنگتر و پیرۆزتر نەبووە.