سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ڕاگەیەنراوی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی

لە ڕاگەیەنراوی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووە، “بەداخێکی زۆرەوە بۆ بڕیاری ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵی کە ڕێگری لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، ئێستا و پێشووتر داوامان کردووە کە هەموو دامودەزگەکانی وڵات بە دەسەڵاتی دادوەرییەوەش ببنە هۆکارێک بۆ یەکڕیزی و لێکتێگەیشتن لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسیی لە وڵات.”

ئەوەش خراوەتەڕوو، “لەکاتێکدا پێویستبوو دادگەی فیدراڵی ئەو بارودۆخە سیاسییە سەختەی وڵات لەبەرچاوبگرێت، پشتیوانی لێکگەیشتن و پابەندبوون بە ژینگەیەکی ئەرێنی لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکات و مافی هەموو پێکهاتەکان بەپێی دەستوور و دادپەروەری لەبەرچاوبگرێت، نەک بە بڕیارێک بژێوی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانمان لە هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج.”

لە ڕاگەیەنراوەکە باس لەوەش کراوە کە “حکوومەتی نوێی عێراق بە پشتیوانی هێزە سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پێکهێنرا لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و پابەندبوون،  دووپاتکردنەوەی هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر ئەو دۆسیە و بڕیارانەی تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دوورکەوتنەوە لەهەر هەڵکشانێک بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هەروەها مامەڵەی یاسایی و دەستووری سەبارەت بە بوودجە و نەوت و ماددەی 140 و بابەتەکانی دیکە، بەڵام دوا بڕیاری دادگەی فیدراڵی پێچەوانەی ئەو تێگەیشتن و پابەندبوونانە بوو کە ئەمەش خاڵێكی وەرچەرخانی مەترسیدار بۆ تەواوی پڕۆسەی سیاسی عێراق دروست دەکات.”

لە ڕاگەیەنراوەکە فراکیسیۆنی پارتی دووپاتی دەکاتەوە کە “زۆر گرنگە هەموو لایەک کار بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوە سیاسییەکە بکەن، داواش لەلایەن و هێزە سیاسییەکان دەکەین کە هەڵوێستەکانیان یەکبخەن بۆ پشتیوانیکردن لەو پابەندبوونانەی لە مەنهەجی وەزاری لەسەری ڕێککەوتوون و سیاسەتی برسیکردن ڕەت بکەنەوە کە بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت.”

 فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردۆتەوە کە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی یاسای نەوت و گاز، یاسای دادگەی فیدراڵی و ئەنجوومەنی فیدراڵی بەپێی دەستوور، دڵنیاییش دەدەینە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە بەپێی دەستوور بەرگری لە مافە ڕەواکانیان دەکەین