شاخەوان عەبدوڵا هەموو نهێنییەکانی پشت بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ئاشکرا کرد

د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە لەژێر ناونیشانی “با تەنیا بڕیاری دادگە نەبینین” و ڕایگەیاند: پێش بڕیاری دادگەی ئیتحادی، نزیکەی دوو مانگە لایەنێک وەزیری دارایی عێراقی ئاگادار کردەوە لەوەی  بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگرێت و ڕەوانەی نەکات.

ڕاشیگەیاند: هەمان ئەو لایەنە، پەرلەمانتارەکەشی ڕاسپارد بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر سکاڵایەک بکات و پێشکەشی دادگەی بکات لەدژی ناردنی ئەو پارەیە بێ ئەوەی ناوەڕۆکەکەی بخوێنێتەوە، هەر هەمان لایەنیش فەرمانی بە دادگەی ئیتحادی کرد بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی سكاڵاکە بێت و لەدژی هەرێمی کوردستان بریار بدات.

شاخەوان عەبدوڵا هەروەها دەڵێت:  هەمان ئەو لایەنەی دەستی هەیە لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە ڕێگەی بەقاچاخبردن و ئاودیوکردنی سەدان ملیون دۆلار ڕۆژانە، بەداخەوە هەمان ئەو لایەنەیە کە فەرمانی بە دادگەی ئیتحادی کرد بڕیار لەدژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بدات.

دەشڵێت: هەرکات نزیکبوونەوە لەنێوان هێز و لایەن و پێکهاتەکانی عێراق دروست بێت ئەو لایەنە هەوڵی تێکدانی ئەو یەکڕیزی و تەباییە دەدات، چونکە یەکڕیزی پێکهاتەکانی عێراق بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت.

شاخەوان عەبدوڵا هەر لەمبارەیەوە گوتوویەتی: ئەوەی جێگەی سەرنجە کاراکتەرەکانی ئەو لایەنە بەشێکە لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و ئەجێنداکانیان جێبەجێ دەکەن.

هەروەها ڕوونی کردۆتەوە کە “مێژوو شایەتە هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی ڕژێمەکانی حوکمڕانی لە عێراق بە ڕووخانی دادگەکانی ئەلثەورەـەوەش بەهۆی دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستانەوە بووە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان هیوا دەخوازێت کە هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت لەمەڕ ئەو پێشێلکارییانەی لەدژی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.

د. شاخەوان عەبدوڵا لەو پەیامەیدا جەختیشی کردۆتەوە کە سنوورێک بۆ زیادەرۆییەکانی دادگەی ئیتحادی دادەنرێت، دڵنیایشی داوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو لایەنە هەرچەندە هەوڵی دوژمنکارانە بدات، لەبەرامبەردا سەرکردایەتی و خەڵکی کوردستان هاوشێوەی چیاکانی کوردستان بە بەرزی و خۆڕاگری دەمێننەوە.