ناوچه‌یه‌كی نوێی پیشەسازی تایبه‌ت به‌ ئۆتۆمبێل له دهۆك ده‌كرێته‌وه‌

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێی دهۆك له‌سه‌ر رووبه‌ری 300 دۆنم به‌ گوژمه‌ی 62 ملیۆن دۆلار له‌ بواری جێبه‌جێكردندایه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌كه‌، ‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری روونیكردووه‌ته‌وه‌، ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێی دهۆك كه‌ له‌ پێنج ناوچه‌ پێكهاتووه‌، دەبێتە پڕۆژەیەکی هاوچەرخ و پێشکەوتووی دەڤەرەکە و دەکەوێتە دەروازەی رۆژئاوای شاری دهۆک.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، دلۆڤان بەرەکات، خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکاری ئه‌و پرۆژه‌یه‌ رایگه‌یاندووه‌، هه‌موو پێداویستییه‌كان بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ پرۆژه‌كه‌دا كارده‌ن یاخود سه‌ردانی ناوچه‌ی پیشه‌ی پیشه‌سازی نوێی دهۆك ده‌كه‌ن، دابینكراوه‌.

هه‌روه‌ها به‌ره‌كات باسی له‌وه‌شكردووه‌، لەکۆی پێنج ناوچەی پڕۆژەکە، سێ ناوچەیان تەواو بووە، كه‌ دوو هەزار و 378 دوكان بە رووبەری جیاواز لەخۆدەگرێت و کارکردن لە دوو ناوچەی دیکەش بەردەوامە.

له‌باره‌ی شوێنی ناوچه‌ی پیشه‌سازی كۆنی شاری دهۆكیش كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌روازه‌ی رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌وه‌، خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکار ئاشكرایكرد، لە شوێنی پیشەسازی کۆن، باخچەیەکی گشتی دروستدەکرێت، ئەمەش بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە ناوچەکە و به‌خشینی سیمایه‌كی جوان بە دەروازەی رۆژهەڵاتی دهۆک.