نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان كۆبووه‌وه‌‏

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023/1/26، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، به‌ سه‌ردانێك گه‌يشته‌ ئه‌نقه‌ره‌ و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، ‏سه‌ركۆمارى توركيا كۆبووه‌وه‌.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركيا، دۆخى ‏سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى دواى ده‌ستبه‌كاربوونى كابينه‌ى ‏نوێى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان و ده‌رفه‌ته‌كانى هاريكاريى عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان له‌گه‌ڵ توركيا له‌ بوارى وزه‌دا، تاوتوێ كران.‏

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ خواستى دوولايه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى ‏كوردستان و توركيا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش بوارى بازرگانى و ‏ئابوورى و سوودوه‌رگرتن له‌و‌ ده‌رفه‌تانه‌ى بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركيا له‌ بوارى وزه‌دا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ ‏ده‌كرێت ڕۆڵى كاراى هه‌بێت له‌ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشايى و پێويستييه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ ‏جيهان و به‌تايبه‌تى له‌ ئه‌ورووپا له‌ بوارى وزه‌ و گازى سروشتيدا دروست بووه‌.‏

گرنگيى پته‌وكردنى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ‏توركيا بۆ پاراستنى ئاسايشى سنوور، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و ‏مه‌ترسييه‌كانى داعش له‌ عێراق و سووريا، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ‏ديكه‌ى جێی بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏