گوتەبێژی حکوومەت: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق ڕەتدەکەینەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/1/2022، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق ڕەتدەکەینەوە، چونکە پشت بە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نابەستێت.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ”بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی پشتی بە هیچ بنەمایەکی یاسایی، یان دەستووری نەبەستووە و نە تەنیا دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە، بەڵکوو دژی بەرژەوەندییەکانی هەموو خەڵکی عێراقە.”

گوتەبێژی حکوومەت جەختی کردەوە: ”ئێمە وەکوو حکوومەت دوێنێش لە بەیاننامەکەدا ئەو بڕیارەمان ڕەتکردووەتەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی نەبووە، لە کاتێکدا لە کەشێکی ئەرێنیدا کۆمەڵێک لێک تێگەیشتن لە نێوان هەردوو حکوومەتدا دروست بووە، بۆیە ئێمە داماوان کردووە و لە ڕێککەوتنە سیاسییەکەشدا هاتووە کە دەبێ یاسایەکی نوێ بۆ ئەم دادگایە دابنرێت، چونکە ئەم دادگایە بەبێ یاسا کاری خۆی دەکات.”

جووتیار عادل گوتیشی: ”هاوکات ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوامین لە گفتوگۆکان و هەردوو حکوومەت ئەرکیان هەیە و گفتوگۆکان لەسەر کۆمەڵێک تەوەرەی دیکە بەردەوام دەبن، وەکوو ئەوەی کە لە ڕێککەوتنە سیاسییەکەدا هاتووە.”