ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم: دادگای فیدراڵی ئێستای عێراق ناده‌ستورییه‌

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی بڵاوكرده‌وه‌.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌26ى1ى2023، دادوه‌ر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حه‌سه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری داوه‌ به‌ نادروستی ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستور و یاساكان و هه‌روه‌ها رێكه‌وتنه‌كانی ‌نێوان  حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی، پێویست بوو بۆ هه‌رێم بنێردرێت. 
 سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری ده‌شڵێت: ئه‌م بڕیاره‌ هیچ خزمه‌ت به‌ سه‌قامگیری و ئارامی له‌ عێراقدا ناكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌دژی ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی رابردوو، عێراقی له‌ قه‌یرانێكی سه‌خت ده‌رباز كرد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و له‌كاتێكیشدایه‌ كه‌ پێشڤه‌چونێكی باش له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵیدا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كانی رابردوو. 
دادوه‌ر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حه‌سه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئێمه‌ پێشتریش بۆچوونی خۆمان راگه‌یاندووه‌ كه‌ دادگای فیدراڵی ئێستای عێراق ناده‌ستورییه‌و پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پێكهاته‌ی ئه‌و دادگایه‌دا بكرێت، ئه‌ویش به‌رێگه‌ی یاسایه‌كی نوێ كه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ده‌ستور بێت به‌ تایبه‌ت حوكمه‌كانی ماده‌ی 92 كه‌ به‌ روونی باس له‌ میكانیزمه‌كانی دامه‌زراندنی دادگای فیدراڵی ده‌كات. 
دادوه‌ر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حه‌سه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان  راشیگه‌یاندووه‌، ناكرێت له‌ قۆناغێكی هه‌ستیاری وه‌ك ئێستای عێراقدا، دادگای باڵای فیدرالی به‌ چاوی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ بڕیار بدات و جیاوازی له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراقدا بكات به‌ تایبه‌ت بابه‌تی موچه‌و قوتی خه‌ڵك كه‌ ده‌بێت دوور بێت له‌ هه‌ر گوشارو ده‌ستێوه‌ردانێكی سیاسی یان به‌ناو یاسایی.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌،  لێره‌دا داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین له‌شوێنی ئاڵۆزتركردنی كێشه‌و گرفته‌كان، به‌دوای چاره‌سه‌ریی ده‌ستوری و یاساییدا بگه‌ڕێن و له‌ هه‌موویان گرنگتر داڕشتنی یاسایه‌كی نوێ بۆ پێكهێنانی دادگای فیدراڵی كه‌ تێیدا مافی هه‌موو لایه‌نێك به‌ بێ ره‌چاوكردنی زۆرینه‌ یان كه‌مینه‌ پارێزراو بێت و ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوری ساڵی 2005، كه‌ هه‌موو گه‌لانی عێراق ده‌نگیان پێداوه‌ جێبه‌جێ بكرێت.