بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، چاوهڕوان دەكرێت ڕۆژى شەممە، ڕێکەوتى ٢٨ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، شەپۆلێکى بارینی باران ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكات، تاکوو ڕۆژى چوارشەممە بەردەوامى هەبێت؛ سەرەتای کاریگەریى ئەم شەپۆلەش لەسەر ناوچە شاخاوییەکان بە نمە باران و بەفر بارین دەبێت.
ڕۆژى یەکشەممە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بە لاوازى لەسەر ناوچەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام لە ڕۆژى دووشەممە و سێشەممەدا، کاریگەریى ئەم شەپۆلە بەهێز دەبێت و باران لە تەواوى ناوچەکەمان دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییە سەختەكانیش بەفر دەبارێت.
لە ماوەى کاریگەریى ئەم شەپۆلەدا، پلەکانى گەرما نزم دەبنەوە و ئاستى دابارینیش مامناوەند دەبێت؛ ڕۆژى چوارشەممەش کۆتایی بەو شەپۆلی دابارینە دێت .
دیلان ڕەشاد
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن