ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک:ئەگەر دۆلار دانەبەزێت نرخی کەلوپەل گرانتر دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار درێژەی ھەیە، ئەوەش پێچەوانەی پێشبینییەکانە کە دەگوترا زۆر ناخایەنێت. ئەوەش وای کردووە رۆژبەڕۆژ نرخی کەلوپەل گرانتر ببێت. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دھۆک، دەڵێت: بە بەردەوامی چاودێری نرخەکان دەکرێت، ھەر کەسێکیش سەرپێچی بکات سزا دەدرێت. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێت: ھەفتەی داھاتوو پەرلەمان لەبارەی ناجێگیری بەھای دینار بەرامبەر دۆلار کۆدەبێتەوە.

بەھۆی دابەزینی بەھای دیناری عێراقی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ڕاسپاردنی عەلی موحسین عەلاق بۆ بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندیی عێراق بە وەکالەت. بە گوتەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، بۆ ئەمەبەستە بەم نزیکانە سەردانی واشنتن دەکەین.
نزیکەی دوو ساڵ بوو نرخی ١٠٠ دۆلار لە نێوان سەد و چل و هەشت ھەزار بۆ سەد و چل و نۆ ھەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی ١١-١٢-٢٠٢٢ نرخی سەد دۆلاری ئەمریکی سەد و پەنجا ھەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ بازاڕی دراو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ناجێگیرە.
بازاڕی ھەرێمی کوردستان، بازاڕێکی بەکاربەرە و پشت بە ھاوردەکردن دەبەستێت، ھەر بۆیە بچووکترین گۆڕان لە ڕووە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە کاریگەرییەکی گەورە دەخاتە سەر نرخەکان، ھەر بۆیە بەپێی راپۆرتی پرۆگرامی خۆراکی جیھان WFP لەبارەی گۆڕانەکان لە بازاڕی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەردەکەوێت نرخەکان بەرزبووەتەوە.
وەحید ھاشم، پیشەی پێشمەرگەیە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار زیانی زۆری بۆ ئێمە ھەیە، چونکە ھەر شتێک بکڕی سێ تا پێنج ھەزار دیناری چووەتە سەر، ئەمڕۆ بای سەد و حەوت ھەزار دینار شتم کڕیوە، پێش ئەوەی نرخی دۆلار بەو شێوەیە بەرز بێتەوە ھەموو ئەو شتانەم بە حەفتا و چوار ھەزار دینار دەکڕین. بازاڕ زۆر تێکچووە، دابەزینی بەردەوام و ناجیگری نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار کاریگەریی تەواوی لەسەر ژیانی ئێمە دروست کردووە، داوا لەلایەن پەیوەندیدارەکان دەکەین نرخی دۆلار بگەڕێنێتەوە باری خۆی، ئەگەرنا ڕێژەی ھەژاری ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، دەڵێت: زۆربەی کەلوپەلی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە لە دەرەوە بە دۆلارە، فرۆشتن بە دینارە، بۆیە کاتێک ئەو دینارە دەبێتە دۆلار نرخی ئەو کەلوپەلانە گران دەبێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، دەشڵێ: ناسەقامگیری لە نرخی دینار و دۆلار کاریگەری لەسەر بازاڕ ھەیە، بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، نرخی ھەندێک کاڵا بەرزبووەتەوە، کاتێک حکوومەتی عێراق نرخی دۆلاری لە سەد و نۆزدە ھەزار بۆ سەد و چل و شەش ھەزار دینار بەرزکردەوە، بەھای کاڵا خۆراکییەکان ١٨٪ بۆ ٢٠٪ بەرز بووەوە، ئەگەر بانکی ناوەندی کۆنترۆڵی ئەم ڕەوشە نەکات نرخی کەلوپەل زۆر گرانتر دەبێت، بۆیە دەبێت حکوومەتی عێراق بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارە بکات و ئیجرائات بکات، چونکە کێشەیەکی ئابوورییە.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، ئاشکراشی کرد: ھەتا نرخی دۆلار کۆنتڕۆڵ نەکرێت، بازاڕ کۆنترۆڵ ناکرێت، چونکە چەند نرخی دۆلار گران بێت نرخی خۆراک گرانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانی چاودێریی بازرگانی بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن پشکنینی خۆیان دەکەن بەدواداچوون بۆ نرخەکان دەکەن، ھەر کاڵایەک نرخەکەی گران کرابێت لێپێچینەوە لەگەڵ بازرگان و خاوەن دوکانەکە دەکەن.
لە پەرلەمانی عێراق زیاتر لە ٢٠٠ واژوو کۆکراونەتەوە تاوەکو پەرلەمان لەبارەی ناجێگیریی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار کۆببێتەوە. چیای تەیموور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێ: زیاتر لە ٢٠٠ واژوومان کۆکردوونەتەوە و بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان نێردراون، داوامان کردووە پارێزگاری بانکی ناوەندی، وەزیری دارایی و سەرۆک وەزیران بێنە پەرلەمان و ھۆی گرانبوونی نرخی دۆلار ڕوون بکەنەوە و ئەو ڕێکارانەش بۆ دابەزینی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بخەنەڕوو. ئەوە داواکاری شەقامیشە، چونکە بەھۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نرخی کەلوپەلی خواردن زۆر گران بووە. ئەگەر ئەو بابەتە چارە نەکرێت نرخی کەلوپەل زیاتر گرانتر دەبێت، بۆیە ھەفتەی داھاتوو پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە کۆدەبێتەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، زیاتر گوتی: ھۆی گرانبوونی نرخی دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دۆلار دەچێتە دەرەوەی عێراق، ئەوەش وای کردووە ئەمریکا رۆژانە تەنھا بیست و سێ ملیۆن دۆلار ڕەوانەی عێراق بکات کە پێشتر رۆژانە دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلاری ڕەوانە دەکرد.
چیای تەیمور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی گوت: زەختێکی زۆر لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراقە، ئەگەر کێشەی گرانبوونی نرخی دۆلار چارە نەکات، شەقام دەتەقێتەوە. ئەوەش وای کردووە سەرۆکوەزیران ھەنگاوی بە پەلە بنێت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نرخی کەلوپەل ھەرزان بێت.