مەردان خدر، بەرپرسی لقی ٩ی پارتی لە ئاکرێ:ھەر سیستەمێک لە بەرژەوەندی گشتیی ھەرێمی کوردستاندا بێت، ئێمە پێشوازیی لێ دەکەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مەردان خدر، بەرپرسی لقی ٩ی پارتی لە ئاکرێ، لەم چاوپێکەوتنەدا دەڵێت: دەبێت بەربەستەکانی بەردەم ھەڵبژاردن نەمێنن و ھەڵبژاردن بە زووترین کات بکرێت، ھەر سیستەمێکیش لە بەرژەوەندی گشتیی ھەرێمی کوردستاندا بێت، ئێمە وەکو پارتی پێشوازی لێ دەکەین. دەشڵێ: دەبێ مافی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراو بێت و ڕازی نابین دەستکاریی کورسیی پێکھاتەکان بکرێت، بەتایبەتی ئەگەر کورسییەکانیان کەم بکرێتەوە.

شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ١-١٠-٢٠٢٢ی وەکو ڕۆژی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، بەڵام بەھۆی ناکۆکی حیزبە سیاسییەکان لەسەر یاسا و سیستمی ھەڵبژاردن و پرسی کۆتاکان، نەتوانرا ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
سەرۆک بارزانی، ١٧ی ئەم مانگە لە پیرمام، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگۆرک، ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت و ھیچ بیانوویەکیش بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن قبووڵ ناکرێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە، چەند حیزبێکیش ھەرجارە و بیانوو بە شتێکەوە دەگرن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن نەکرێت، بەتایبەت ئەو حیزبانەی لە دواین ھەڵبژاردن تووشی شکست بوونە.

  • ئایا پارتی ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن؟
  • پارتی ھەموو کاتێک ئامادە بووە بۆ ھەڵبژاردن، زۆر ھەوڵیشی دا ھەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت. بەڵام ھەندێک لایەن ئامادە نەبوون و ڕێگر بوون لەبەردەم ھەڵبژاردن. درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش بۆ ماوەی ساڵێک داخوازیی پارتی نەبوو، بەڵام بۆ ئەوەی لایەنەکان لەسەر ھەمواریی یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن ڕێک بکەون و ھەموو شتێک بە تەوافوق بێت، پارتی ڕازی بوو و لە پەرلەمان دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی ئەو خولەی دا کە بۆ یەک ساڵە.
    *کەواتە تا چەند گرنگە ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردن بکرێت و چی دیکە دوانەخرێت؟
  • درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کاریگەریەکی سلبی لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بۆ پێگەی ھەرێمی کوردستان زۆر باش دەبێت ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمریکا کۆبوویەوە ڕایگەیاند، دەبێت ھەر چۆنێک بێت ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، ھەر سەرۆک بارزانی بوو لە ساڵی ١٩٩١ داوای کرد لە ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردن بکرێت، ھەر ئەوەش وای کردووە کە پارتی بەردەوام داوا بکات ھەموو شتێک لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە یەکلا بکرێتەوە. بۆیە وەکو پارتی ئامادەین بۆ ھەڵبژاردن و ڕێگە نادەین چی دیکە دوا بخرێت.
  • پارتی دەیەوێت ھەڵبژاردن چۆن بەڕێوەبچێت؟
  • ئەوە لەسەر دانوستانی شاندی لایەنەکان دەمێنێتەوە، وەرەقەی پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەسەر پرسی ھەڵبژاردن ئامادەیە. ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، ئەوانە لای پارتی نابنە کێشە ھەر سیستەمێک لە بەرژەوەندی گشتیی ھەرێمی کوردستاندا بێت پارتی پێشوازیی لێ دەکات.
  • پارتی بۆ ئەوەندە پشتگیری لە پێکھاتەکان دەکات؟
  • پارتی بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە پێکھاتەکان دەکات، پارتی لەگەڵ ئەوە نییە دەستکاریی کورسیی پێکھاتەکان بکرێت، بەتایبەتی ئەگەر کورسییەکانیان کەم بکرێنەوە، چونکە ئەوە پێچەوانەی ئەو پێکەوە ژیانەیە کە ئێستە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و ھەموومان شانازی پێوە دەکەین.
  • چۆن دەڕوانە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا؟
  • ئێستە پێشوەچوونێکی باش لە نێوان ھەولێر بەغدا ھەیە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەیە کە حکوومەتی عێراقی لەسەر پێکھێنراوە، ئەو خاڵانەی لەسەر ڕێککەوتوون لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە ئەوەش گرنگە. لەسەر حکوومەتی عێراق پێویستە ئەو خاڵانەی پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە جێبەجێ بکات، خۆشبەختانە ھەتا ئێستە ھەندێک شت کراوە، بەڵام پێویستە بەغدا زیاتر بێتە پێشەوە بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە. سەردانی سەرۆکی ھەرێم، سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا کاریگەریان دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە لە ماوەیەکی نزیکدا بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەوەش وا دەکات پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا بەرەو پێشەوە بچن و کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە ببن.