یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

بەپێی یاسا، هەموو پڕۆژەیەک پێویستە سەرپەرشتیارێک بۆ پڕۆژەکەى دامەزرێنێتدەرفەتى کار بۆ هەزاران دەرچووى کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری ده‌ڕه‌خسێنرێت

بە مەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتیی بەرهەمی كشتوكاڵی و پاراستنی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدانی بازاڕی بەرهەمە خۆماڵییەكان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێویستی کردووە لەسەر هەموو پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی (ڕووەكی، ئاژەڵی، كارگەكانی پیشەسازیی خۆراک، حەوزی ماسی، بەهەمهێنانی هەنگوین، قارچك…)، لەژێر چاودێریی كەسانی پسپۆڕ و شارەزا و بە چاودێرى وەزارەتی كشتوكاڵ بن تا بەرهەمەكانیان بە كوالیتی و تەندرووست بن و وەزارەت ڕاپۆرتی هەفتانە و مانگانەی دەست کەوێت لەسەر کار و بەرهەمەکەیان.

بەپێی یاسا، هیچ پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی (بە پێی جۆری پڕۆژەكە و پسپۆڕییەكان) بۆی نییە کار بکات ئەگەر لەژێر چاودێریی كارمەندێكی دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵی یان ڤێرتێنەری نەبێت. بۆیە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، فۆڕمێکى بۆ دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگاكانی كشتوكاڵی و ڤێتێرنەری لە ٣ی تەمموزی ٢٠٢٢، تا ١ی ئابی ٢٠٢٢، بڵاو کردەوە بۆ دانانیان لە پڕۆژەکان بە شێوەی گرێبەست و تا ئێستا ١١ هەزار و ٢٣ فۆڕم پڕ کراوەتەوە.

لە بەرژەوەندیی دەرچووان گۆڕانکارى لە یاساکان کرا
وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، پیشنیازی یاسای ژمارە (٢٠)ی ساڵی ٢٠٢١ى بۆ ئەنجومەنی وەزیران نارد و لەوێشەوە نێردرا بۆ پەرلەمانی كوردستان و دوای چەند خوێندنەوەیەک بووە بنەمای سەرەكی بۆ دروستكردنی جۆرێك لە هەماهەنگیی نێوان خەڵكی پسپۆڕ و شارەزا بۆ بەهەمهێنانی بەرهەمێكی تەندرووستی كشتوكاڵی بۆ بازاڕەكانی هەرێم و لە ئایندەش بۆ بازاڕەكانی دەرەوەی وڵات.
یەکێک لە ئامانجەکانى ئەم یاسایە، فەراهەمكردنی هەلی كار بوو بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگا كشتوكاڵی و ڤێتێرنەرییەكان بۆ چاودێری و سەرپەرشتیكردن و كاركردن لەگەڵ پڕۆژەكان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش بە پێى ڕێنمایی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢١، پڕۆژەكانیان بە پێی پسپۆڕی، پۆلێنبەندى کرد و مەرج دانرا بۆ کەسەکان کە نابێت دامەزرابن و دەبێت پشتیوانى سەندیكا و كۆمەڵەكانیشیان هەبێت، ئەمە بەدەر لە لەبەرچاوگرتنی بڕوانامە و شوێنی نیشتەجێبوون و باری خێزاندارییان.
ڕزگار حەمەد خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە پێگەی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە:” هەموو فۆڕمەکانمان داتابەیس کردووە و بەسەر پارێزگاکانمان دابەشکردوون (هەولێر ١,٩٠٠، سلێمانی ٤,٠٠٠، دهۆك ٢,٧٠٠، هەڵەبجە: ٤٤٤، ڕاپەرین: ٧٠٠، گەرمیان: ٩٠٠، زاخۆ: ٥٠٠، سۆران ١٢٤ فۆڕم) و لەم ژمارەیەش ٧٦.٧%ـیان لە لایەن کچان و خانمانەوە پڕ کراوەتەوە و لە ئەگەرى دەرچوونی هەر کەسێکیان، بە چاودێریى وەزارەتمان گرێبەستی نێوان سەرپەرشتیار و خاوەن پڕۆژەیان بۆ دەکرێت کە نابێت مووچەکەیان لە ٣٥٠ هەزار دینار كەمتر بێت و پێویستە ئەو كەسە خۆی بیمەی وەزارەتی كار و کاروباری كۆمەڵایەتی بكات، بۆ تەمەنی خانەنشینی.

خولی شیاندن و ڕاهێنان
ڕاوێژکاری وەزارەتی کشوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، باسى لەوە کرد کە خوولى شیاندن و ڕاهێنان بۆ وەرگیراوانی سەرپەرشتیاران کراوەتەوە و دەکرێتەوە کە تیایاندا سەرنج دەخەینە سەر نوێكردنەوەی ئەو زانستەی كە سەرپەرشتیاران لە كۆلێژ و پەیمانگاكان خوێندوویانە و لە لایەكی تریشەوە بە ئەرك و ماف و بەرپرسیارەتییەكانیان لەو ئەركە نوێیەیاندا ئاشنا دەكرێن. هەروەها لە خولەكان گرنگی بە پڕۆژەكانی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی و پڕۆسەكانی ناو كێڵگە و بەكارهێنانی دەرمان و پەین و لەناوبەرەكان دەدرێت. لە کۆتایی خولەکان هەڵدەسەنگێنرێن و ئەگەر دەرنەچوون دووبارە مافى بەشداریكردنەوەیان پێ دەدرێت.

بەرپرسیارەتیی خاوەن پڕۆژە و چارەنووسى دەرچووان
بەپێی یاسا، هەموو پڕۆژەیەک پێویستە سەرپەرشتیارێک بۆ پڕۆژەکەى دامەزرێنێت. زۆربەی پڕۆژەکانیش لەلای وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، مۆڵەت وەربگرن و گرێبەستی زەوییەکانیان درێژ بکەنەوە، لە یاساشدا هاتووە، دەبێت لە ماوەی سێ مانگ خۆیان لەگەڵ یاساكەدا بگونجێنن. بۆیە دوای ئەوەی ناوی سەرپەرشیاران بە پێی ناوچەکانیان بڵاودەکرێتەوە، پێویستە لە نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەدا، ناوی سەرپەرشتیار بۆ كاركردن دیاری بکەن.
ئەم ڕاوێژکارەی وەزارەتی کشوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت:”لە ڕووی یاساییەوە، ئەگەر خاوەن پڕۆژە ئەركەكانی بەرامبەر سەرپەرشتیارەكە جێبەجێ نەكات، سەرپەرشتیار دەتوانێت سكاڵای لەسەر تۆمار بكات و ئەرکی سەرپەرشتیاریش ئەوەیە لە زووترین کات ڕاپۆرت بدات کە پڕۆژەکە بۆی گونجاو نییە و گرفت هەیە. یان لە زووترین کات ڕاپۆرت لەسەر سەرپێچییەکان و پێشلکارییەکانی خاوەن پڕۆژەکە بدات کە پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکان هەڵسوکەوت دەکات، جا لەڕووی کوالیتی و بەرهەمهێنانی هونەری بێت، یان تەندرووستی و دارایی و ئیداری. ئەگەر سەرپەرشتیاریش لە کارەکەى كەمتەرخەم بوو، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت و بە پێی كەمکارییەکانی سزا دەدرێت.”

سەرپەرشتیارى باش کێیە؟
سەرپەرشتیار دەبێت سەرپەرشتیارێکی ڕاستەقینە بێت، بەو مانایەی دەبێت لە کێڵگە دەوام بکات، نەک لە ماڵەوە دابنێشێت و واژووی سەر ڕاپۆرتێک بکات. پێویستە سەرپەرشتیار تۆماری سەردانی هەبێت و ڕاپۆرتی هەفتانە و مانگانەی هەبێت، بیداتە وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، لیژنەیەکی بەدواداچوونیش لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ ئەم مەبەستە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانەوە دروست كراوە تا پڕۆسەکە بێ کەموکوڕی بەڕێوە بچێت.