لە کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و لیژنەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ زیاد کردنی داهات، گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوە و زیادکردنی داهاتەکان کرا و لەسەر ئەو پرسەش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕاپۆرتێکی تایبەتی بە ئامانجی زیادکردنی داهات و بەکارهێنانەوەی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان پێشكەش كرد.
دانا عەبدولکەریم ڕایگەیاند:” هەرچەندە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە وەزارەتێکی خزمەتگوزاری و ژێرخانی خزمەتگوزارییە و دامەزراوەیەکە خەرجی لە داهات زۆرترە، بەڵام لەسەر بنەمای ناوەرۆکی بەرنامەی حکومەت و هاوتەریبی ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزیران، هەوڵی زیادکردن و جۆراوجۆرکردنی داهاتەکانی داوە.”
دانا عەبدولکەریم، جەختیشی لە کاراکردنەوەی سندوقی ڕێگەوبان كردەوە، کە ڕۆڵی گرنگی لە زیادکردنی داھات و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەبێت.