هەژمارى بانکی بۆ مووچەخۆرانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەکرێتەوە

لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ڕێکەوتی ١٢ـی تەممووزی ٢٠٢٠، لە کۆبوونەوەی سێیەمی خۆی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بڕیاری دا بە میکانیزمێکی نوێ میلاک و بوودجەی هەردوو یەکەی ٧٠ و ٨٠ بخاتەوە سەر وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
لەم سێ ساڵەشدا، بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان له‌ ١٤ لیواوە کراونەتە ١٩ لیوا و میلاکی وەزارەتیش له‌ ٤٣ هەزار و ٣٤٧ پێشمەرگە بووه‌تە ٦٠ هەزار و ١٦ پێشمه‌رگه.
بە مەبەستى بەئەلیکترۆنیکردن و بەسیستەمکردنى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگە، بڕیار درا کە مووچەى هێزەکانی پێشمەرگە لە بانکەکان و بەپێى هەژمارى تایبەت بدرێت و ئێستا ژمارەى مووچەوەرگرانى پێشمەرگە بەپێى هەژمارى تایبەتى بانک لە ٥ هەزار و ٨١٨ پێشمەرگەوە گەیشتووەتە ٣٣ هەزار و ٨٠٠ پێشمەرگە.
فەرماندەییەکانی هێزەکانی پشتیوانیی ١، ٢ـیش کە پێشتر لە چوارچێوەى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگەدا نەبوون، لەماوەى ڕابردوودا خرانەوە سەر میلاکی ئەو وەزارەتە کە ئەمەش وەک دەستکەوتێکى گرنگ هەژمار دەکرێت.
وەزارەتى کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو وەزارەتانەى کە لە ڕووى چاکسازى و یەکدەستكردنی میلاکەوە، لە سێ ساڵى ڕابردوودا کارى ڕژد و گەورەى ئەنجام داوە.
کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە نێو سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و لەم پێناوەشدا هەنگاوی باشی بڕیوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣