سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

 پارێزگاری دهۆک لەگەڵ دایكێکی بەتەمەن بەردی بناغەی پرۆژەیەک دادەنێت

چەند ڕۆژێکە پارێزگاری دهۆک بەردەوام سەردانی هەموو قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک دەکات و بەردی بناغەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و پرۆژەی نوێ بۆ خزمەتی خەڵک ڕادەگەیەنێت. ئەمڕۆش لەگەڵ دایكێکی بەتەمەن بەردی بناغەی پرۆژەیەکی دانا.

ئەمڕۆ سێشەممە 24/1/2023 د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە چەند گەڕەکی سەر بە قەزای ناوەندیی دهۆک بەردی بناغەی بۆ ژمارەیەک پرۆژە دانا و هاوکات سەردانی ژمارەیەک پرۆژەی نوێیشی کرد کە کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

 لە سەردانی ئەمڕۆیدا پارێزگاری دهۆک گەیشتە گەڕەکی ئیتیتێ سەر بە قەزای ناوەندیی دهۆک و پاشان سەردانی ناحیەی زاوێتەی کرد و لەویش ژمارەیەک ڕێگای ناوخۆیی دروست دەکرێن و دواتر گەیشتە کۆمەڵگەی باگیرا سەر بە ناحیەی زاوێتە کە لەوێش پارکێک و ڕێگای ناوخۆیی دروست دەکرێت، لە کۆمەڵگەی کورا و ناحیەی مانگێشکی کۆمەڵێک پرۆژە دروست دەکرێن کە گوژمەی پارەی پرۆژەکانی ئەمڕۆ دەگاتە زیاتر لە سێ ملیار و 234 ملیۆن دینار.

پارێزگاری دهۆک لەو سەردانەدا جەختی کردەوە کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی گەورە لە پارێزگای دهۆک دەکات بۆ ئەوەی باشترین خزمەت پێشکەش بە خەڵکی ئەم پارێزگایە بکرێت.