یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆیه‌كی دكتۆر عه‌بدوڵڵا مەلا وەیسی له‌  تۆڕه‌كانی سۆشیال میدیا، راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌:  بێ مۆڵەت وەرگرتن گوایە كچه‌كه‌ وێنە دەگرێت، کەچی سناپ و ڤیدیۆی وەرگرتووە و بڵاویکردووه‌ته‌وه‌.

راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان له‌ ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه‌، “لەسەر بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا لەسەر بەڕێز دكتۆر عه‌بدوڵڵا مه‌لا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان، بە پێویستی دەزانین بۆ هەموو لایەک روونی بکەینەوە، ئەمە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی کەناڵی کوردستان تی ڤی بووە لەسەر بابەتی ئیسراف و رای بەڕێزیان وەرگیراوە، کە ماوەی 16 خولەک قسەیکردووە، کچەکە یەکێک بووە لە ستافی تیمی راگەیاندنی کەناڵەکە کە شەش کەس بوون و بێ مۆڵەت وەرگرتن گوایە وێنە دەگرێت، کەچی سناپ و ڤیدیۆی وەرگرتووە، بەبێ ئاگایی بەرێزیان و بڵاویكردووه‌ته‌وه‌”.

هه‌روه‌ها یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئەنجامدانی بەرنامە و لێدوانی رۆژنامەوانی، بە تایبەت بۆ کەسایەتییەکی دیاری وەک سەرۆکی زانایان کە رۆژانە چەندین کەناڵ و دەزگای میدیایی داوای لێدوانی لێ دەکەن، شتێکی ئاساییە و هەر مرۆڤێکیش لە کردارو پەرێزی خۆی بەرپرسیارە، نەک لە هەڵسوکەوتی کەسانی بەرامبەر.