هێمن هه‌ورامی: لێكنزیكبوونه‌وه‌ی باش له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (23ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازی له‌ ریكاردۆ رۆدریگێز، به‌رپرسی نووسینگه‌ی یۆنامی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و له‌ دیدارێكدا، دوایین پێشهات و دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، عێراق و پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیان تاووتوێكرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ دیداره‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی جه‌ختی له‌سه‌ر‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك مافێكی گشتیی خه‌ڵكی كوردستان، كردووه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، پرۆسه‌ی دیموكراسی به‌وه‌ متمانه‌ى زیاتر ده‌بێت كه‌ هه‌ر چوار ساڵ جارێك له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌ لایه‌نه‌ سیاسی، یاسایی و ته‌كنیكییه‌كانی ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كرد و رایگه‌یاند، “بۆ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مى ئه‌و پێشنیازه‌یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن، كه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌جیا پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراون، له‌ ماوه‌ی داهاتوودا په‌رله‌مانی كوردستان دەبێت بيانخاتە بەرنامه‌ی دانیشتنێكی نائاسایی خۆی و دوای ھاتنە ئارای خاڵی ھاوبەش و تێگەیشتنی سیاسیی لایەنەکان لەسەر ئه‌م پێشنیازه‌یاسایانه‌، ئەرکی پەرلەمانە رێوشوێنە یاساییەکانی دیكه‌ بگرێتە بەر بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌میان بۆ بكرێت و پاشان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت”.

هه‌روه‌ها هێمن هه‌ورامی، داوای له‌ یۆنامی، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رجه‌م ئه‌و رێكخراو و ناوه‌ندانه‌ كرد كه‌ چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنى هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.