پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

له‌ سنووری هه‌ورامان پێنج كۆڵبه‌ر بریندار بوون


پێنج کۆڵبەر لە ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان له‌ سنووری پارێزگای کرماشان بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوودی ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان، پێنج کۆڵبەر بریندار بوون.

رۆژێک پێش ئەم ڕووداوە عەلی بەهادوری جەهرومی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران گوتبووی، حکوومەت کۆڵبەران بە قاچاغچی نازانێ پشتیوانییان لێ دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2022دا هێزەکانی ئێران 209 جار تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامدا 33 کۆڵبەر کوژراون و 176 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.